سەردێڕ:

ئەمریکا گەورەترین بنکەی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەکات

فۆتۆ: 
2019-08-22

17012 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بنکەی ئاسمانی ئەمریکی (ئەلعەدید) لە وڵاتی قەتەڕ، کە بە گەورەترین بنکەی ئاسمانی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، گەورەتر دەکرێت.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی نوسیوە، قەتەر ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر فراوانکردنی ئەو بنکە سەربازییە، هەروەها بە بڕی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریش هاوکاری ئەمریکا دەکات لە فراوانکردنی بنکەکە و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیدا.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بە هۆشیارییەوە باس لەو گۆڕانکارییە دەکەن کە لە بنکە سەربازیەکەدا دەکرێت، و بە "پەرەسەندن"ی بنکە سەربازیەکە ناویانبردووە، بەڵام بەرپرسانی قەتەڕی جەخت لەوەدەکەنەوە کە بنکە سەربازیەکە گەورەتر دەکرێت بەجۆرێک کە جێگەی ١٠ هەزار سەربازی ئەمریکی ببێتەوە، هەرچەندە لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەو بنکە سەربازییە ڕانەگەیەندراوە.

فەرماندەیەکی ئەمریکیش بەناوی دانیاڵ تۆڵی باسی لەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی ئەلعەدید بەهەمان شێوەی سەردەمی شەڕی عێراق و ئەفغانستان "ئاڵۆزن" و کەرەستەی سەربازی پەرەسەندوو و گرانبەهای بۆ نێردراوە، وەک فڕۆکەی جۆری ئێف ٢٢ و فڕۆکەی بی ٢٢ی هێرشبەر کە ئەمساڵ گواستراونەتەوە.

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەو بنکە سەربازیەی قەتەڕ بەکاردەهێنێت، کە پێش ئەوە بنکەی ئاسمانی ئەمیر سوڵتانی لە سعودیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بەکاردەهێنا، بەڵام وەکو تۆڵی دەڵێت " بنکە سەربازییەکەی سعودیە بەشێوەیەکی کاتی کرابووەوە بەڵام لە قەتەڕ بنکەکەیان هەمیشەییە".