سەردێڕ:

تورکیا: پەیوەندیمان لەگەڵ هێزە سەربازییەکانمان لە ئیدلب بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-08-22

2530 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەی وڵاتەکەی بەردەوامە کە بەمەبەستی چاودێری رێککەوتنی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەی ئیدلب لە سوریا جێگیرکراون جەختیشیکردەوە، ئەنقەرە بەردەوامە لە ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو هێزە.

ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی سوریا لە چەند رۆژی داهاتوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیاوە دەکات.

ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە هێزێکی چاودێری سوپای تورکیا لە نزیک ناوچەی خان شیخۆن لە پارێزگای ئیدلب بۆردومان کرا، بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانیەکانیش سوپای سوریا سەرچاوەی بۆردومانەکان بووە.

رۆژی ٢٠ی ئابیش دیمەشق حکومەتی تورکیای بە "هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گەشەکردنی" تۆمەتبارکرد، لە کاتێکدا  سوپای سوریا بە پشتیوانی روسیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دواین ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای دەستپێکردووە.