سەردێڕ:

کرێکارێک بەرگەى بەرزیى پلەى گەرماى نەگرت و گیانى لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-08-21

4294 جار خوێندراوەتەوە

لە پارێزگاى موسەنا لە باشورى عێراق کرێکارێکى چینى بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرماوە گیانى لەدەستدا.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ى ئابى ٢٠١٩ کرێکارێکى چینى لەکاتى ئیشکردنیدا لە کارگەیەکى وەبەرهێنان گیانى لەدەستداوە و، هۆکارەکەشى بۆ ڕانەهاتنى بووە لەگەڵ بەرزیى پلەى گەرما.

بەپێى کەشناسیى عێراق ئەمڕۆ پلەکانى گەرما بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە و پارێزگاى موسەناش پلەى گەرمى بەرزى تۆمارکردووە، کە ٤٧ پلەى سەدى بووە و، پارێزگاکانى ترى عێراقیش بەم شێوەیە بوون:

بەسرە بەرزترین پلەى گەرماى تۆمارکردووە کە ٤٩ پلە بووە و میسان و واسیت ٤٨ پلە و زیقار و نەجەف و دیوانیە و بابل و بەغدا و دیالە ٤٧ پلە، کەربەلا ٤٦ و ئەنبار و سەلاحەدین ٤٥ و کەرکوک و نەینەوا ٤٤، هەروەها هەولێر ٤٣ و سلێمانى ٤٠ و دهۆک ٣٩ پلەى تۆمارکردووە.

پێشبینى ئەوەش کراوە، تا کۆتایى ئەم مانگە پلەکانى گەرما بە بەرزى بمێننەوە.