سەردێڕ:

ڕێژەى کورتهێنان لە بودجەى ٢٠٢٠ بۆ ٧٢ ترلیۆن دینار بەرزدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2019-08-21

5368 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق پێشبینى دەکات ڕێژەى کورتهێنان لە بودجەى ٢٠٢٠ بۆ ٧٢ ترلیۆن دینار بەرزبێتەوە و بەشێک لە هۆکارەکانیشى بۆ پابەندنەبوونى هەرێم بە یاساى بودجەوە دەگەڕێنێتەوە.

عەبدولهادى سەعداوى ئەندامى لیژنەى دارایى ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەى ڕێژەى کورتهێنان لە بودجەى ٢٠٢٠ کاریگەرى خراپى لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانى پارێزگاکان و وەزارەتەکان دەبێت.

ڕاشیگەیاند، هۆکارى بەرزبوونەوەى کورتهێنانى بودجە بۆ خراپى پلاندانان وخەرجى زۆرە لە دارایى گشتى بێ گەڕانەوە بۆ بودجە.

ووتیشى، یەکێکى تر لە هۆکارەکان هەرێمى کوردستانە کە داهاتى فرۆشراوى نەوتى هەرێم ناگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

ئاماژەى بەوەشکرد، کورتهێنانى بودجە جارێکیتر کەڵەکە دەبێت لەسەر حکومەت و بەوەش ناچارى دەکات قەرزى ناوخۆیى و دەرەکى زیاتر بکات و ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى قورسایى زیاتر بۆ چەند ساڵى داهاتوو دروست بکات.

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى وتیشى، سیاسەتى دارایى حکومەت هەڵەیە، بەهۆى بڕیارى نادروست کە ئەنجومەنى وەزیران خوێندنەوەى بۆنەکردووە، کاتێک خەرجییەکى زۆر دەکات بێ گەڕانەوە بۆ یاساى بودجە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکێکیتر لە هۆکارەکانى زیادبوونى کورتهێنان لە بودجەدا سەرپێچیکردنى وەزیرى دارایى عێراقە بەهۆى ئەوەى پارە بۆ هەرێم دەنێرێت لەگەڵ ئەوەى هەرێم داهاتى نەوت و دەروازە سنوورییەکان ڕادەستى بەغدا ناکات.