سەردێڕ:

خوێندنى باڵاى هەرێم: پێداچوونەوە بە پلانى وەرگرتنى خوێندکارانى ١٢ى ئامادەیی دەکەین

فۆتۆ: 
2019-08-21

2972 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێم کۆبووەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد و راشیگەیاند، پێداچوونەوە بە پلانەکانى وەرگرتنى خوێندکارانى ١٢ى ئامادەیی دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێ دەدرێت دەستبکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم ب ەهەمان ستانداردەکانى پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، بە مەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بە سەرپەرشتیى وەزارەت بکرێت و، دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دەردەچێت.

بەپێی بڕیارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، ئەو کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشداردەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى ٢٤ى ئەم مانگە پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى خۆیان.

ئەوەشی راگەیاندووە، سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستی، سەنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى، بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا باسی لەوەش کردووە، ئەوانەى سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزییان نییە، دەتوانن گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەیان بکەن، بەڵام بڕوانامەیان پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.

لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەکە بڕیاریداوە لە کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى خوێندنى باڵا تاوتوێی ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا بکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكارانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتووش بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

لەبارەى پێدانى نازناوى زانستى بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە ٦٠% كەمترە، بڕیاردرا دواى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێ دەدرێت بە مەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى - دهۆک). دواتریش بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریشیدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.