سەردێڕ:

هاوپەیمانى نێودەوڵەتى وەڵامى حەشدى شەعبى دایەوە

فۆتۆ: 
2019-08-21

8456 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەى عێراق و بەپێى ڕێنمایى و یاساکانى کاردەکەن.

شۆن ڕاین وتەبێژى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە تویتێکیدا لە وەڵامى حەشدى شەعبیدا ڕایگەیاند، ئەرکى هێزە هاوبەشەکان و پرۆسەی خۆڕاگرى بەهێز لە عێراق تەنها بۆ بەهێزکردن و متمانەبەخۆبوونى هێزە عێراقییەکانە بۆ لەناوبردنى داعش.

شۆن ڕاین ڕاشیگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەى حکومەتى عێراق و بەپێى ڕێنمایى و بڕیار و یاساکانى ئەو وڵاتە کاردەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەبومەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسى یەکەمى بۆردومانکردنى کۆگاى چەک و تەقەمەنى و بارەگاکانیانە و لەمڕۆوە جگە لە بەرگریکردن هیچ بژاردەیەکى تریان نابێت.

شەوى ڕابردوو لە نزیک بنکەى ئاسمانیى بەلەد کۆگایەکى چەک و تەقەمەنى تەقیوەتەوە و بەپێى وتەى شایەتحاڵەکان، چەندین موشەکى کۆگاکە لەناو بنکەى کێڵگە و باخەکانى دەوروبەرى کەوتوونەتەوە و زیانى مادیى زۆرى هەبووە.

تا ئێستاش هۆکارى تەقینەوەى کۆگاکە ڕوون نەبووەتەوە و نازانرێت بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەوە یان تێگرتنى موشەکەوە بووە یان هۆکارى تر.

میدیاکانى عێراقیش لە چەند سەرچاوەیەکى ئەمنییەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەقینەوەکە لە ئاکامى بۆردومانى فڕۆکەوە بووە و، ئەو چەک و تەقەمەنییانەى لە کۆگاکەدابوون ئێرانى بوون و ئیسرائیلیش بۆردومانەکەى ئەنجامداوە.