سەردێڕ:

حەشدى شەعبى: ئەمریکا بەرپرسى یەکەمى بۆردومانکردنى بارەگاکانمانە

فۆتۆ: 
2019-08-21

4657 جار خوێندراوەتەوە

حەشدى شەعبى ڕایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسى یەکەمى بۆردومانکردنى کۆگاى چەک و تەقەمەنى و بارەگاکانیانە و لەمڕۆوە جگە لە بەرگریکردن هیچ بژاردەیەکى تریان نابێت.

ئەبومەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، "ئەمڕۆ دوژمنەکانى عێراق پلان دادەنێن و بە رێگاى جیاواز بارەگاکانى حەشدى شەعبى دەکەنە ئامانج."

ڕاشیگەیاند، "ئەمریکا خۆى کارئاسانى بۆ گروپە چەکدارییەکانى داعش کردووە بێنە عێراق و ناوچەکەوە بە قسەى سەرۆکى ئەمریکا خۆى، بۆیە بە رێگاى جیاواز دەیەوێت سەروەریى خاکى عێراق پێشێل بکات و حەشد بکاتە ئامانج."

موهەندیس ئاماژەى بەوە کردووە، "کردنە ئامانجى بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە رێگەى بەکرێگیراوەکانیانەوە یان لە ڕێگەى ئۆپراسیۆنى گرنگ و بۆردومانکردن بە فڕۆکەى پێشکەوتووە."

وتیشى، "زانیاریی ورد و تەواومان بەدەستگەیشتووە کە لە ماوەى ئەمساڵدا ئەمریکا چوار فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى ئیسرائیلى لە رێگەى ئازەربایجانەوە ڕەوانەى کەشتیی فڕۆکەهەڵگرى ئەمریکا کردووە، تا هێرشى ئاسمانى بکاتە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى.".

ئاماژەى بەوەش کردووە، "لەکاتێکدا ئێمە ئەم زانیارییانە و پیلانی داهاتووش ئاشکرادەکەین لە کوشتنی کەسایەتییە جیهادی و پشتگیریکارەکان لە حەشدی شەعبی."

موهەندیس دەشڵێت، "ئەمریکا بەرپرسی یەکەم و کۆتایە لەوەى ڕوودەدات، بۆیە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە بەرگریکردن لە خۆمان بەو چەکەى لەبەردەستماندایە یان چەکی زیاترى پێشکەوتوو."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەبو مەهدى موهەندیس وتوویەتی، "فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە هەر فڕۆکەیەک بەبێ مۆڵەتی حکومەتى عێراقی بەسەر بارەگاکانمان بفڕێت، وەک دوژمن تەماشای دەکەین و بەپێی مەنتیق مامەڵەى لەگەڵ دەکەین و هەموو هۆکارێک بەکاردەهێنین بۆ بەرپەرچدانەوەى."

شەوى ڕابردوو لە نزیک بنکەى ئاسمانیى بەلەد کۆگایەکى چەک و تەقەمەنى تەقیوەتەوە و بەپێى وتەى شایەتحاڵەکان، چەندین موشەکى کۆگاکە لەناو بنکەى کێڵگە و باخەکانى دەوروبەرى کەوتوونەتەوە و زیانى مادیى زۆرى هەبووە.

تا ئێستاش هۆکارى تەقینەوەى کۆگاکە ڕوون نەبووەتەوە و نازانرێت بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەوە یان تێگرتنى موشەکەوە بووە یان هۆکارى تر.

میدیاکانى عێراقیش لە چەند سەرچاوەیەکى ئەمنییەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەقینەوەکە لە ئاکامى بۆردومانى فڕۆکەوە بووە و، ئەو چەک و تەقەمەنییانەى لە کۆگاکەدابوون ئێرانى بوون و ئیسرائیلیش بۆردومانەکەى ئەنجامداوە.