سەردێڕ:

باوكى بكوژى مێردمنداڵەکەى چەمچەماڵ بۆ ئێن ئاڕ تى قسە دەکات

فۆتۆ: 
2019-08-21

172042 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، گەرمیان، گەرمیانى حەمەى پور

باوکى بکوژى مێردمنداڵەکەى چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، دوو ساڵە پەیوەندییان بە کوڕەکەیانەوە پچڕاندووە و دەریانکردووە.

مەحمود ئەمین باوکى بکوژى مێردمنداڵەکەى چەمچەماڵ وتى، پۆلیس و ئاسایشى لە خراپیى کوڕەکەى ئاگادارکردووەتەوە لەبەرئەوەى لە ژێر کۆنترۆڵى ئەودا نەماوە و دەرچووە و هاوڕێیەتى کەسى خراپى کردووە وشەوانە نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.

وتیشى، کوڕێکى خۆى پۆلیسە و چەند جارێک برا بکوژەکەى ڕادەستى پۆلیس کردووە و بۆ ماوەى زیاتر لە مانگێکیش لە بنکەى پۆلیس بەندکراوە ومادەى بێهۆشکەریشى بەکارهێناوە.

وتیشى، کەسوکارى کوژراوەکە مافى خۆیانە هەرچییەک بکەن لێی، لەبەرئەوەى کوڕە تەمەن ١٦ ساڵەیەکى کوشتووە کە بە پێنج هەزار دینار لەو بەنزینخانەیە کارى کردووە و ئامادەشە لەبرى کوڕە کوژراوەکە خۆى بکوژنەوە.

ئاماژەى بەوەش کرد، هیچ کەس لە خێزانەکەیان ئاگادارى ڕووداوى کوشتنەکە نەبووە و کاتژمێر هەشتى بەرەبەیان هەواڵەکەیان زانیوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بنەماڵەی "زانا کامیل"ى مێردمنداڵ لە چەمچەماڵ گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، داواکارن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئیجرائاتی یاسایی خۆیان بکەن و بە هیچ شێوەیەک بەرگری لە تاوانبارەکە نەکرێت، یاداشتەکانیشیان لە چەند خاڵێکدا کۆکراونەتەوە.

رۆژی ١٨ ئاب شۆفێرى ماتۆڕسکیلێک بە مەبەستى بەنزین پڕکردن رووی لەو بەنزینخانەیە کرد کە زانا کامیل کاری تێدا کردووە و، دواتر بە سێ فیشەک ئەو مێردمنداڵەی لەناو بەنزینخانەکەدا کوشت.

ئاسایشی سلێمانیش لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئەو مادە یاساییەى تۆمەتبارەکەى پێ دەستگیرکراوە مادەى ٤٠٦ە لە یاساى سزادانى عێراقى، کە تایبەتە بە کوشتن، بەپێى وتەى بەرپرسانى ئەمنى بەهۆى ئەوەى کوشتنەکە ئەنقەستە، سزاکەى لەسێدارەدانە لە حکومەتى عێراقى و لە هەرێمى کوردستانیش زیندانى هەتا هەتاییە.