سەردێڕ:

هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا پلانی رێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ دەكەن

فۆتۆ: 
2019-08-21

2884 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەڵمانییەكان هەوڵی رێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە دەدەن و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاش رایگەیاند، لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

شەوی رابردوو ئانگرێت كرامپ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئامانجی سەردانەكەی بۆ كوردستان راگەیاند.

لەو كۆنگرەیەدا شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان وتی، "ئەڵمانەكان هاوكارمانن و راهێنەرەكانیان كاریگەرییان هەیە لەسەر راهێنانی پێشمەرگە و هاوكاریی ئەوان كاریگەری هەبوو لەسەر تێكشاندنی تیرۆرستانی داعش."

باسی لەوەش كرد، "ئەڵمانەکان دەرمانی زۆریان بۆ ناردوین و نەخۆشخانەشیان بۆ كردووینەتەوە، ئێستاش سەرقاڵی كردنەوەی پەیمانگەی زمانەوانیی ئینگلیزی و ئەڵمانین لە كوردستان بۆئەوەی ئەفسەرەكانمان فێری زمانی ئەڵمانی ببن."

وتیشى، "ئێمە بەیەكەوە لەگەڵ ئەڵمانییەكان پلانی رێكخستن و بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی توانای هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانمان داڕشتووە."

هاوکات ئانگرێ كرامپ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "ئێمە ئامانجی هاوبەشمان هەیە بۆیە تیرۆرستان دەشكێنین، هەنگاوی یەكەم بەرەنگاریی تیرۆرستان بووینەوە و هاوكارتان بووین و ئێمە هاوكارتان دەبین بۆ بەرزكردنەوەی تواناكان، ئێوە شەڕەكەتان كرد و قوربانیتان دا، نەك بۆ ئاسایشی خۆتان بەڵكو بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپاش، ئێمە بەشدار دەبین و هاوكاریی هەموو هێزەكانی عێراق و كوردستان دەكەین."

وتیشى، "لە هەولێر لە قۆناغی یەكەمدا مەشقمان بە هێزەكان كردووە و ئێستا قۆناغی دووەممان دەستپێكردووە، لە داهاتووشدا قۆناغەكانی ئەو هاوكارییانە بەردەوام دەبن."

هەروەها باسی لەوەش كرد، "چۆنییەتی مانەوەمان لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەم سەردانەماندا بەڵگەی پێویستمان كۆكردووەتەوە بۆئەوەی بمێنینەوە لە هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانی بڕوا پێ بێنین."

ئاماژەی بەوەش كرد، "ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین رێگری لەوە بكەین كە جارێكی دیكە داعش بەهێز ببێتەوە و، نابێت بگەڕێتەوە شوێنەكانی خۆی و ئێستاش هەوڵی سەقامگیری دەدەین بۆ ناوچەكانی عێراق و هەوڵدەدەین داعش نەگاتە ئەو شوێنانەی كە خەڵكی تێدایە. ئێستا پرسیاری چەكداری و ئابووری هەیە كە دەبێ هەمووان ئامانجمان ئەوەبێ رێگری لە گەشەكردنەوەی داعش بکەین."

شەوى ڕابردوو وەزیرى بەرگریى ئەڵمانیا دواى سەردانى بەغدا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە هەولێر لەلایەن سەفین دزەیى بەرپرسى فەرمانگەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم پێشوازیى لێ کرا، لەکاتێکدا بەپێى پرۆتۆکۆلەکان دەبوایە لەلایەن وەزیرى پێشمەرگەوە پێشوازیى لێ بکرایە.