سەردێڕ:

پارێزگاى سەڵاحەدین.. ئاگرى تەقینەوەى کۆگایەکى چەک و تەقەمەنى کۆنترۆڵکرا

فۆتۆ: 
2019-08-21

1828 جار خوێندراوەتەوە

بەرگریى شارستانیى عێراق ڕایگەیاند، ئاگرى تەقینەوەکەى شەوى ڕابردووى کۆگاى چەک و تەقەمەنیى حەشدى شەعبى لە بنکەى سەربازیى بەلەدى باشورى پارێزگاى سەڵاحەدین کۆنترۆڵکراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکى بەرگریى شارستانیدا هاتووە، بە بڕیارى وەزیرى ناوخۆ زیاتر لە ٣٠ تیمى ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەى ناوچەى تەقینەوەکە کراوە لە نزیکەى بنکەى ئاسمانیى بەلەد و، دواى چەند کاتژمێرێک توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، زیاتر لە ٢٥ ژوورى پڕ لە چەک و تەقەمەنیى حەشدى شەعبى کە سەربە گروپى کەتیبەى ئیمام عەلى بوون لە تەنیشت بنکەى ئاسمانیى بەلەد تەقیوەتەوە.

ئاماژەى بەوەش کراوە، تیمەکانى بەرگریى شارستانى توانیویانە رێگرى بکەن لە تەقینەوەى چەند کۆگایەکى ترى نزیک لە بنکەکە، کە ١٥ مەتر لە ئاگرى تەقینەوەکەوە دووربووە.

بەپێى وتەى شایەتحاڵەکان، چەندین موشەکى کۆگاکە لەناو بنکەى ئاسمانیى بەلەد و کێڵگە و باخەکانى دەوروبەرى کەوتوونەتەوە و زیانى مادیى زۆرى هەبووە.

تا ئێستاش هۆکارى تەقینەوەى کۆگاکە ڕوون نەبووەتەوە و نازانرێت بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەوە یان تێگرتنى موشەکەوە بووە یان هۆکارى تر.

میدیاکانى عێراقیش لە چەند سەرچاوەیەکى ئەمنییەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەقینەوەکە لە ئاکامى بۆردومانى فڕۆکەوە بووە و، ئەو چەک و تەقەمەنییانەى لە کۆگاکەدابوون ئێرانى بوون و ئیسرائیلیش بۆردومانەکەى ئەنجامداوە.

بەپێى ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، ئەو هێرشانەى ئیسرائیل لە ماوەى مانگى ڕابردوودا ئەنجامیداوە بۆ سەر کۆگاکانى چەک و تەقەمەنیى گروپە شیعییەکانى نزیک لە ئێران، چوار کۆگا بوون و دواین تەقینەوەى کۆگاى چەک و تەقەمەنى بۆ سەر گروپێکى حەشدى شەعبى بووە لە سەربازگەى سەقەر لە باشورى بەغدا، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون.

بنکەى سەربازیى بەلەد لە باشورى پارێزگاى سەڵاحەدین کە پێشتر بە (بنکەى بەکر) ناسرابوو، گەورەترین بنکەى ئاسمانیی سەربازییە لە عێراق و ٦٤ کیلۆمەتر لە باکورى بەغداوە دوورە و، لە ناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا دروستکراوە و ڕووبەرەکەى ٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە پەرژینێکى ئەمنیى توند دەورەدراوە، کە درێژییەکەى ٢٠ کیلۆمەترە.

بنکەى ئاسمانیى بەلەد هێزەکانى ئەمریکا و کۆمپانیا سەربازییەکانیانى لێ نیشتەجێیە و بووەتە شوێنى سەرەکیى وەرگرتنى فڕۆکەى ئێف ١٦ى ئەمریکى، کە یەکەم قۆناغى گەیشتنى ئەو فڕۆکەیەش لە ١٣ى تەموزى ٢٠١٥دا بوو، لە تەنیشت بنکە ئاسمانییەکە بارەگایەکى سەربازى و کۆگایەکى چەک و تەقەمەنیى گروپەکانى حەشدى شەعبى لێیە، کە نزیکن لە ئێرانەوە.