سەردێڕ:

وێنە.. لە میسر گوندێك هەیە تەنها ژنان تێیدا دەژین

فۆتۆ: 
2019-08-20

9402 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی سەماحە کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە شاری ئاسوانەوە دوورە  لە میسر، تەنها ئەو ژنانە دەژین کە بێوەژنن یان لە هاوسەرەکانیان جیابوونەوەتەوە لەگەڵ منداڵەکانیاندا و، رێگە بە پیاوان نادرێت بچنە ئەم گوندەوە.

ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی عەرەبی ئاماژەی بەوە کردووە، تەواوی دانیشتووانی ئەم گوندە ژنن، هەموویان هاوسەریان نییە، ئەو ژنانەی بیانەوێت دووبارە هاوسەرگیری بکەن دەبێت لەم گوندە بڕۆن، چونکە رێگە نادرێت بەو ژنانەی کە هاوسەریان هەیە لەم گوندەدا بمێننەوە.

4.jpg

هەروەها ئەو ژنانەی کە منداڵی کوڕیان هەیە تەنها تا تەمەنێکی دیاریکراو بۆیان هەیە کوڕەکانیان لەلای خۆیان بهێڵنەوە، پاش گەورەبوونیان دەبێت گوندەکە جێبهێڵن و لەوێ نەمێنن، ئەمەش بەپێی هەندێك یاسا و بنەمای تایبەت بە گوندەکە دیاریکراوە.

 ئەم گوندە یەکێکە لەو شەش گوندەی کە ساڵی ١٩٩٨ لە پڕۆژەی وادی سەعاید دروستکرا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بە مەبەستی زیادکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی، کاربەدەستان گوندی سەماحەیان دەستەبەرکرد بۆ ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان مردبوون یان لێیان جیابووبوونەوە، هەروەها هاوکارییان کردن و زەوی و چەند سەرێك ئاژەڵیان پێدان بۆئەوەی سەرلەنوێ دەست بە ژیان بکەنەوە و پشت بە خۆیان ببەستن و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن.

5.jpg

گوندی سەماحە زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی ئەو ژنانە لەخۆدەگرێت کە هاوسەریان نییە و خۆیان منداڵەکانیان بەخێودەکەن، هەر خێزانێك لەوانە پارچەیەك زەویی پێ دەدرێت لەگەڵ ماڵێكدا کە چەند پێداویستییەکی سەرەکیی ماڵی تێدایە، لەگەڵ کەرەستەی کشتوکاڵکردن، هەروەها قەرزی بچووك و قەرزی وەبەرهێنان دەدرێت بە ژنەکان بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی ئاژەڵیی.

ژنانی ئەم گوندە وێڕای ئەوەی ئەو پێداویستییانەیان بۆ دابینکراوە، بەڵام رۆژانە بەهۆی کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن، چونکە بڕی ئاوی پێویست بۆ ئەو گوندە دابین نەکراوە و لە هەفتەیەکدا تەنها یەك رۆژ ئاو بە تەنکەر دەچێت بۆ گوندەکە، ئەمەش وایکردووە پێویستیی رۆژانەی ئاویان بۆ دابین نەکرێت و ژیانیان قورس بێت، هەر ئەمە وایکردووە چەندین ژن لەگەڵ منداڵەکانیان گوندەکە جێبهێڵن، چونکە بەرگەی قورسی و ناهەمواریی هەندێك دۆخی جیاوازی گوندەکەیان نەگرتووە کە سەرەکیترینیان کەمیی ئاوە.

3.jpg

2.jpg

ژ.ن