سەردێڕ:

عێراق.. مشتومڕى نێوان لایەنەکان لەسەر خزمەتى سەربازیى زۆرەملێ گەرمە

فۆتۆ: 
2019-08-20

3546 جار خوێندراوەتەوە

خزمەتی سەربازی یان سەربازیی زۆرەملێ، ئەو سیستمەی کە لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان پەیڕەودەکرێت و تەنانەت لە هەندێک وڵات وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، کە هاوڵاتی دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی سوودمەند دەبێت لە خوێندنی بێ بەرامبەر و چەند خزمەتگوزاریەکى دیکە.

پرۆژە یاسای سەربازیی زۆرەملێ، کە هێشتا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە، مشتومڕی لە نێوان پەرلەمانتار و فراکسیۆنە جیاوازەکان و تەنانەت پێکهاتە جیاوازەکانى عێراقیشدا دروستکردووە. بە لێدوانێکى ئەمڕۆى ئەندامێکى هاوپەیمانیى فەتح لە پەرلەمانى عێراق، هەرێمى کوردستانیش هاتە نێو بابەتى خزمەتى سەربازیى زۆرەملێوە.

عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکردووە، پرۆژە یاسای سەربازیی زۆرەملێ لە ئێستادا لای ئەنجومەنی وەزیرانە و ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە، باسی لەوەش کردووە، تەمەن و بڕوانامە و تەندروستی لەبەرچاو دەگیرێت و هەرکەس نەیەوێت لە خزمەتی سەربازیدا بەشداری بکات ئەوا دەتوانێت بڕێک پارە لە بەرامبەر خزمەتی سەربازییەکەی بدات بە حکومەت، کە هێشتا بڕەکە دیارینەکراوە.

لە دوایین پێشهاتدا، ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح کە هادی عامری سەرۆکایەتیى دەکات ڕایگەیاندووە، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەموو ڕۆڵەکانی عێراق و کوردستانیش دەگرێتەوە.

کەریم علێوی باسی لەوەش کردووە، یاسای خزمەتی سەربازی یاسایەکی ئیلزامییە و لەکاتی دەرچوونی یاساکەدا دەبێت هەموو ڕۆڵەکانی گەل پێوەی پابەندبن.

وتووشیەتی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە کە یاسایەک دەربچێت هاوشێوەی ئەو یاسایەی بۆ ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی دەرچوو، کە تایبەت بکرێت بە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە لە چوارچێوەی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ وەزارەتە ئەمنییەکانی عێراقدا.

علێوی راشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت یاساکانی حکومەتی فیدڕالی بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق و کوردستاندا بچەسپێت.

لە بەرامبەردا،  فەریق جەمال محەمەد سوپا سالار لە وەزارەتی پیشمەرگە بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک پابەندنابن بەو بڕیارەوە و تا ئێستا ئەو بڕیارە لای ئەوان باس نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەولەویەتی کارەکانیانە، لە دوای یەکگرتنەوە لێکۆڵینەوە لەو پڕۆژە یاسایە دەکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.

هاوکات، بەشار کیکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، لە حاڵەتی دەرچوونی یاساکەدا هەرێمی کوردستان پێوەی پابەند نابێت.

کیکى ئاماژەی بەوەش کردووە، پێدەچێت ئەو پرۆژە یاسایە لەلایەن بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ڕەتبکرێتەوە لەبەرئەوەی ئەوان وەک کورد پێیانوایە ئەو پرۆژە یاسایە لە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە.