سەردێڕ:

وێنە.. وەزیری رۆشنبیری خەڵاتی خوێندكارێكی کوردی دانیشتووی سویدی کرد

فۆتۆ: 
2019-08-20

2844 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، محه‌مه‌د عامر

وەزیری رۆشنبیریی هەرێم خەڵاتی رەوا هەڵەبجەیی کرد، کە بەرزترین نمرەی لە خوێندنی ئامادەیی لەسەر ئاستی وڵاتی سوید بەدەستهێناوە.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وەزیری رۆشنبیریی هەرێم دوای خەڵاتکردنی ئەو خوێندکارە کوردە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هیوادارن ڕه‌وا جه‌مال دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌كه‌ی بتوانێت به‌ دیاریكراوی خزمه‌تی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ بكات، به‌تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشانی پاشماوه‌ی كیمیاباران و ئه‌نفال.

ڕه‌وا جەمال خەڵکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، بەڵام لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی، رەوا به‌رزترین نمره‌ی لەسەر ئاستی سوید به‌ده‌ستهێناوه ‌و له‌ زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی له‌ بواری پزیشكی گشتی وه‌رگیراوه‌.

رەوا هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوە کرد، "ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له ‌سه‌رجه‌م وانه‌كانم نمره‌ی سه‌د به‌ده‌ستده‌هێنم و ماندووبوونێكی زۆرم كێشاوه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌ی گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان ئه‌و ڕێز و پێشوازییه‌ی لێم كراوه‌ هێزێكی زیاترم پێ ده‌بەخشێت."

ئەوەشی خستەڕوو، پلانی ئەوەی هەیە‌ دوای ته‌واوكردنی زانكۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان و ئەو زانستەی کە فێری بووە لە خزمەتی وڵاتەکەیدا بەکاریبهێنێت.

پێشتریش رەوا هەڵەبجەیی لەلایەن حکومەتی سوید و پادشای ئەو وڵاتە لەپای بەدەستهێنانی بەرزترین نمرە لەسەر ئاستی سوید خەڵاتی تایبەتی ساڵانەی پادشای سویدی پێ بەخشرا.