سەردێڕ:

ئەڵمانیا.. مافی مانەوە لە بەشێک لە کۆچبەرە سورییەکان وەردەگیرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-08-20

6989 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵمانیا مافی پەنابەری لەو کۆچبەرە سورییانە وەردەگرێتەوە كە بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی سوریا دەکەنەوە.

ھۆرست زیھۆفە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مافی کۆچبەری لەو کۆچبەرە سورییانە وەردەگرنەوە کە بۆ مەبەستی گەشت و سەیرانی تایبەتی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی سوریا و، ڕونیشیکردووەتەوە لە دوای لێسەندنەوەی مافی پەنابەرییان پێوستە ئەڵمانیا جێبهێڵن.

وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە، دوای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سوریا و گەڕانەوەی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ مەبەستی گەشت، ئەڵمانیا دەزگای ئەمنیی فڕۆکەخانەکان و دەزگای کۆچبەرانیان ئاگادارکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو لەسەر ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێنەوە بۆ سوریا.

ساڵی ٢٠١٦ ڕێگای باکوری ئەوروپا بە ڕووی کۆچبەراندا کرایەوە، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنێک ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەوکات لە بڕۆکسل ئیمزایکرد و، وەک ئەڵمانیا بڕیاریاندا مافی کۆچبەری سیاسی بە کۆچبەرە سورییەکان بدەن، کە وڵاتەکەیان لە ترسی جەنگ جێھێشتووە، بەو ھۆیەشەوە نزیکەی ملیۆنێک کۆچبەری سوری ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد و زۆرینەیان مافی مانەوەی ئەو وڵاتەیان وەرگرت.