سەردێڕ:

بەهۆی زنجیرەیەک تەقینەوە لە ئەفغانستان ١٢٠ کەس برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-08-20

768 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ یادی ١٠٠ ساڵەی سەربەخۆیی ئەفغانستان، ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوە لە وڵاتەکەدا ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٢٠ کەس برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری جەلال ئاباد سەنتەری ویلایەتی نەنگەرهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕوویانداوە کە مەرام لێی تێکدانی یادی سەربەخۆیی ئەفغانستانبوو.

بەپێی ئامارە تەندروستییەکان لانیکەم ١٢٠ بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کەزیاتر لە  ٣٠ کەسیان منداڵن و خەلیلوڵا حیکمەتی، بەڕێوەبەری تەندروستی نەنگەرهاریش ئاماژەی بەوەکرد کە باری تەندروستی زۆربەی بریندارەکان مەترسیدارە.

بە وتەی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نەنگەرهار، تەقینەوەی یەکەم لە گەڕەکی "ئەمیر شەهید" ی شاری جەلال ئاباد ڕوویدا و لەوتەقینەوەیەدا کەس زیانی پێنەگەیشتووە، لە تەقینەوەی دووەمی شارەکەدا ١١ کەس برینداربوون، تەقینەوەی سێیەم لە گەڕەکی "خوگیان" ڕوویداوە و بە ووتەی پۆلیسی ناوچەکە تەنها دووکەس برینداربوون.

هەروەها تەقینەوەیەکی دیکە لە ناوچەی چوارەمی شاری جەلال ئاباد ڕوویدا نزیک مزگەوتی "عیدگا"  و لەم تەقینەوەیەدا شەش کەس برینداربوون، تەنها دوای چەند ساتێک تەقینەوەیەکی تر لە چوارڕیانی " هەواڵگری" ڕوویدا و پاشان چەند تەقینەوەیەک لە شەقامی "پشتونستان" ڕوویدا و چەندین برینداری لێکەوتەوە.

دوا بەدوای ئەم زنجیرە تەقینەوەیە تەقینەوەیەکی تریش لە گەڕەکی " خوگیان" ڕوویدا و لانیکەم ٤٠ کەس برینداربوون.

هەروەها لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە وێستگەی ئۆتۆمبێلەکانی " لوغمان" ٢٠ کەس برینداربوون، ویلایەتی نەنگەرهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەکەوێتە سەر مەرزی ئەفغانستان و  پاکستان هەربەوهۆیەشەوە ویلایەتێکی سەلامەت نییە.

گروپی تاڵیبان و گروپی ناسراو بە "شۆرشگێڕانی دەوڵەتی ئیسلامی " یاخود داعش  لەم ویلایەتەدا چالاکن و هەروەها شوێنی ناشتنی " شا ئەمانوڵا خان" لەم ویلایەتەدایە.

هەروەها لە ئەنجامی تەقینەوەی گولەهاوەنێک لە شاری " موهتەرلام" سەنتەری ویلایەتی لوغمان کە دەکەوێتە هاوشانی ویلایەتی نەنگەرهامەوە لانیکەم شەش هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

شایەتحاڵەکان دەڵێن خۆشبەختانە ئەم تەقینەوەیە کاتێک ڕوویدا کە خەڵکی شوێنی ئاهەنگگێڕانی مەراسیمی جەژنی سەربەخۆییان بەجێدەهێشت.

تا ئێستا هیچ گرووپێک ئەم ڕووداوە تیرۆریستیانەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو ڕۆژی پێشوو لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە هۆڵێکی ئاهەنگی بووک گواستنەوەدا لە کابول لانیکەم ٦٣ کەس کوژران و ١٨٣ کەس برینداربوون، بەڵام گروپی داعش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بەرپرسیارێتی ئەم تەقینەوەیەی لە ئەستۆ گرت و ڕایانگەیاند کە شیعە مەزهەبەکان دەکەن بە ئامانج.