سەردێڕ:

ئەفغانستان.. کچێک ماوەی ١٠ ساڵە پۆشاکی پیاوان دەپۆشێت

فۆتۆ: 
2019-08-20

6245 جار خوێندراوەتەوە

نادیە غولام دانیشتووی وڵاتی ئەفغانستان لەتەمەنی یانزە ساڵیدا بوو کاتێک بڕیاریدا پێناسی براکەی بەکاربهێێت بۆ کارکردن و مانەوە لە ژیاندا.

نادیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەپۆشاکی پیاوانەوە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا خۆی حەشاردا و هەوڵی دەدا بۆ ژیان لەپێناوی بەدەستهێنانی زانست، کارکردن و ئازادی، کە ئەو دەسەڵاتەی هەموو شتێکی لەسەر ئافرەتان حەرام کردووە و مافەکانیانی زەوتکردووە نادیەی ناچارکرد پێناسی براکەی بەکاربهێنێت بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی و مانەوە لە ژیاندا.

نادیە لەساڵی ١٩٩٣ لەتەمەنی هەشت ساڵیدا بوو، کاتێک ماڵەکەیان بۆردوومان کرا و توشی بریندارییەکی سەخت بوو کە بە درێژایی ساڵێک لە بێهۆشیدا بوو، پاش بەئاگاهاتنەوەی جیهانی بە تاریکی دەبینی وبڕوای وابوو چیتر ئازادی و ئاشتی بوونی نییە و هەستی کرد هیچ مافێکی نییە لە تەواوکردنی خوێندن و بەدیهێنانی خەونەکانی.

 پاش مردنی براکەی " زاڵمای" باوکی توشی نەخۆشی دەروونی بوو چیتر نەیتوانی کاربکات، دایکی و سێ خوشکی بەبێ بژێوی پەیداکەر مانەوە و پاشان خێزانەکەی گواستیانەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان لە جەلال ئاباد.

سەرەڕای ئەم هەموو خەم و ئازارە، ئەم کچە یانزە ساڵانە بڕیاردەدات ببێت بە ڕزگارکەری خێزانەکەی و بژێوییان بۆ پەیدابکات، بڕیاریدا پێناسی براکەی و پۆشاکەکانی بەکاربهێنێت بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بە ئازادی لەژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیباندا، نادیە مێزەری بەکاردەهێنا بۆ شاردنەوەی قژی و سنگی دەپێچایەوە پۆشاکی براکەی لەبەردەکرد و لە کێڵگەی کشتوکاڵیدا کاری دەکرد کە  کارەکەی چنینەوەی باینجان و تەماتە و پاککردنەوەی بیر و حەوزەکان بوو.

نادیە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی " فرانس٢٤" وتی، لەسەرەتادا دەستم پێکرد پێموابوو کارەکە ئاسانە، بەخۆم دەوت ئەمڕۆ ئەمە دەکەم و چیتر بەیانی نایەمەوە سەر کارەکەم، بەڵام بیروڕام دەگۆڕا و دەگەڕامەوە سەر کارەکەم و بەڵام بەداخەوە هەر بەم شێوەیە ١٠ ساڵ لەتەمەنم تێپەڕی.

ترس هاوڕێی هەمیشەیی نادیە بوو، تەنانەت لە ژووری نوستنیشدا نەیدەوێرا مێزەر و پۆشاکەکانی دابنێ هەروەک لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت، پێویست بوو بەردەوام وریابم و لەژووری نوستنەکەشدا پۆشاکەکانم دانەدەنا لەترسی ئەوەی کەسێک بێت و نهێنییەکەم ئاشکرابێت.

 بە ئیرادەیەکی ئاسنین و ئازایەتییەکی بێوێنەوە نادیە مێینەیی خۆی وەلانا و وەکو پیاو ڕەفتاری کرد هەندێکجاریش بە دڵرەقی و توندوتیژییەوە، وە وتیشی فێری هاوارکردن و تەنانەت جنێودانیش بووم چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەم نەبوو.

لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەڕەنسی " مەدام لو فیگارو" نادیە وتی، هەموو کات دوعام دەکرد و لەخودا دەپاڕامەوە نەکەومە داوی خۆشەویستییەوە چونکە هاوڕێیەکی خوێندگام خۆشدەویست کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، نەمدەتوانی هەستەکانی خۆم دەربڕم ناچاربووم هەموو هەستەکانم بشارمەوە هەرچەندە قورسیش بوو.

لەساڵی ٢٠٠٧ دا و لەتەمەنی ٢٢ ساڵیدا، نادیە چاوی بەسارا دەکەوێت کە ئافرەتێک بوو لەکۆمەڵەی خێرخوازی کاریدەکرد بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خێرخوازان بۆ یارمەتیدانی ئەفغانییەکان، لەکۆتایدا سارا توانی نادیە ڕزگاربکات لەو ترس و ماندوویەتییەی تیایدا دەژیا و ناردی بۆ وڵاتی ئیسپانیا بۆ نەشتەرگەری ڕوخساری و برینەکانی لەشی.

دوای ١٠ ساڵ ژیان وەکو زاڵمای برای، نادیە ترسا بگەڕێتەوە و وەکو ئافرەت بژی، نادیە وتی هەستم بە ترسێکی زۆر دەکرد لەوەی ئازادییەکەم لە دەست دەدەم و ژیانم زۆر قورستر دەبێت، چونکە من بە پۆشاکی پیاوانەوە خۆم حەشاردابوو و تینووی ئازادی بووم، شۆفێریم دەکرد وهاوڕێم هەبوو و بەتەنها لەسەر شەقامەکان پیاسەم دەکرد، هەربۆیە کاتێک هاتم بۆ ئیسپانیا پێمووتن نامەوێ ببم بە ئافرەت، بەڵام لە ڕۆژی یەکەمی گەیشتنم بە ئیسپانیا بینیم کچێک بەنێووان چەندین پیاودا دەڕوات و منیش بەدوایدا ڕۆشتم بۆ ئەوەی ببینم چی بەسەردێت بەڵام هیچ شتێکی ناخۆشی ڕووینەدا و زۆر ئازادانە دەسوڕایەوە بۆیە منیش بە مێینەبوونی خۆم دڵخۆشبووم.

نادیە چیرۆکەکەی بە زمانی ئیسپانی کردوە بە کتێب بەناوی " نهێنی مێزەرەکەم" و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.

ئێستا نادیە غولام ساڵی جارێک سەردانی خێزانەکەی و خزمەکانی دەکات لە ئەفغانستان، خەونی ئەوەیە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لەگەڵ کۆمەڵەی خێرخوازاندا کاربکات لەبواری پەروەردە و فێرکردن، پێیوایە فێرکردن زۆر گرنگە و تاکە هۆکارە بۆ بەدەست‌هێنانی ئازادی بۆ ئەفغانییەکان، وە دەڵێت تاکو ژنان و کچانی ئەفغانی نەزانن دادپەروەری و یەکسانی چییە چۆن بەدەستی دەهێنن و لەو مۆتەکەیەی تیایدا دەژین ڕزگاریان دەبێت.