سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: هێرشکردنە سەر گەنجە کوردەکەی فەلوجە هێرشە بۆ سەر کورد

فۆتۆ: 
2019-08-20

4194 جار خوێندراوەتەوە

سروە عەبدولواحید رایگەیاند، راستە لە هەموو شوێنێک رووداوی هێرشکردنە سەر خەڵکی روودەدات، بەڵام جیاوازی هێرشکردنە سەر گەنجە کوردەکەی فەلوجە کە بە جلی کوردییەوە کاری خۆی دەکات ئەوەیە کە ئەوەی روویداوە هێرشە بۆسەر کورد.

سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری پێشوویی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق سەردانی ئەو گەنجە کوردەی کرد کە شەوی ١٥ی ئاب لەلایەن چەند کەسێکەوە لەناو چێشتخانەکەیدا لە شاری فەلوجە هێرشی کرایەسەر و رایگەیاند، پشتیوانی لە هونەر دەکەن و هەرچییەکی پێویست بێت، ئەوان ئاگادار بکاتەوە هاوکاری دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگار و قائیمقام و هۆزەکان و گەنجانی فەلوجەش ئەو کردەوەیەیان رەتکردووەتەوە، بۆیە هیوادارن کێشەکە لێرەدا کۆتایی پێ بێت و گەورەتر نەکرێت.

سروە عەبدولواحید وتیشی،  پارێزگار و هێزەکانی شارەکە بەڵێنی پاراستنی ئەو گەنجەیان داوە و "هاتنی منیش بۆ ئەوەیە کە بزانن هونەر بێ کەس نیە و ئێمە هەموو کەس وکاری هونەرین و پشتیوانی و بەرگری لێدەکەین".

هونەر ئەو گەنجە کوردەبوو کە لە چێشتخانەکەیدا لە فەلوجە هێرشى کرایە سەر بە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە فەلوجە ناوبانگى دەرکردووە و خۆشەویستبووە لاى دانیشتوانى فەلوجە، جەختیشیکردەوە کە بەرپرسانی فەلوجە بەڵێنییان پێداوە پارێزگاری لێبکەن و لە کارەکەیدا هاوکاری بن.

پێشتریش عیسا سایر قایمقامى فەلوجە لە نامەیەکیدا بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەوەى ڕوویداوە چەند کەسێک بوون کە هێرشەکەیان کردووەتە سەر ئەو گەنجە کوردە کە خاوەنى چێشتخانەیە لە قەزاى فەلوجە و هەڵسوکەوتێکى تاکە کەسى بووە و لە خەڵکى فەلوجە ناوەشێتەوە.

هـ.ع