سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە بەئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی بیرکاری و زانستەکانی هەڵوەشانەدەوە

ئەرشیفی یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) لە سلێمانی
فۆتۆ: 
2019-08-19

27076 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا پرۆسەی بەئینگلیزیکردنی هەردوو بابەتی بیرکاری و زانستە گشتییەکان هەڵوەشێنێتەوە و، رۆژی ٢١ی ئەیلولیش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت لە هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ئەوەش هاتووە، بڕیارینداوە بە دیاریکردنی ڕۆژی (١/٩/٢٠١٩)  وەکو ڕۆژی دەستبەکاربوون (مباشرە)ی مامۆستایان و دیاریکردنی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (٢١/٩/٢٠١٩) بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٩ – ٢٠٢٠).

باس لەوەش کراوە، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی رۆتین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە وەزارەت و لیژنەیەکیش بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان، هەروەها لیژنەیەکی دیکە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دانانی بانکی پرسیار تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی پێکهێنراوە.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، لەمەودا ڕێگانادرێت بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێ دراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، "بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری پەروەردە بە مەبەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (٢٠١٢) و ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦)ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان."