سەردێڕ:

سەعدى ئەحمەد پیرە: پێویستە یەکێتی و پارتی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە

فۆتۆ: 
2019-08-19

3314 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسیی یەکێتى ڕایگەیاند، لەسەر دانانى پۆستى پارێزگارى کەرکوک یەکێتى زۆر شتى لەدەستدا و پارتییش سوودى لە هەڵەکانى یەکێتى وەرگرت، جەختیش دەکاتەوە، یەکێتی و پارتی پێویستە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە چونکە بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگەش زیانی هەیە.

سەعدى ئەحمەد پیرە لە بەرنامەى تاوتوێى ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر نیوەی ئەوەش راستبێت کە باس لە بوونی گەندەڵی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمدا دەکرێت "کارەساتە" و پێویستە یەکێتی و پارتی بەگژ گەندەڵیدا بچنەوە، جەختیش دەکاتەوە، پێویستە یەکێتی لە کۆنگرەدا بڕیار بدات چۆن گەندەڵی بنبڕدەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتى و یەکێتى ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى لە ڕێگەى لیستى برایەتییەوە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پارێزگارى نوێ هەڵبژێرن.

وتیشی، گەورەکردنى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر بەربەستە لەبەردەم دانەنانى پارێزگارە نوێیەکە.

سەعدى پیرە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پێدەچێت لایەنە عەرەبی و تورکمانەکانى پارێزگاکە لارییان نەبێت لەسەر دانانى پارێزگار، بەڵکو پێویستە یەکێتى و پارتى کاربکەن بۆ قایلکردنى حکومەتى ناوەند.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژى ١١ى تەموز یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام تا ئێستا دەستبەکار نەبووە.