سەردێڕ:

خێزانێكی دانیشتووی ناحیەی رزگاری بەهۆی هەژارییە لە خانووەکەیان دەرکراون

فۆتۆ: 
2019-08-19

6901 جار خوێندراوەتەوە

پلەکانى گەرما نزیک بە ٥٠ پلەى سیلیزییە، نەورۆز پارچە پەڕۆیەکى لە بەشێک لە کەلوپەلى ماڵەکەى بەستووە و دەیەوێت خۆى لە تیشکى بەتینى خۆر بپارێزێت.

ئەو ژنە تەمەن پەنجا ساڵە، دوو ڕۆژە خاوەنى خانووەکەى دەریکردوون و کەلوپەلى ماڵە هەژارییەکەى لەسەر زەوى کەوتوون، دەڵێ لە شەرمى ئەم دۆخەدا هاوسەرەکەى ڕۆشتووە بۆ کار و نەگەڕاوەتەوە.

نەورۆز عەلى دانیشتووى ناحیەى ڕزگارییە و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەژى، کە بە وتەى خۆى هاوسەرەکەى نەخۆشە و بارى دەروونیى تەواو نییە، کاسبکارە و داهاتى هیچ ڕۆژێکى لە ٣ هەزار دینار زیاتر نەبووە، خۆیشی بێکارە و توانایان نەماوە کرێی خانوو بدەن، خاوەنى خانوو دەریکردوون و ئێستا کەلوپەلەکانى لەسەر زەوى دانراون.

باشترین کەلوپەلەکانى ماڵەکەى تەلەفزیۆن و تەنوورێکى نان و موبەریدە و سەلاجەیەکە، کە تێیدا یەک هێلکە و دوو بامێ و هەندێ نان و سەموون هەیە.

کەریم عەلى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى باسی لەوە کرد، بەرپرسانى ئیدارى تواناى چارەسەرى کێشەى ئەم خێزانەیان بە تەواوى نییە، بەڵام بەڵێنى هاوکارییان داوە، ئیدارەى گەرمیان بڕیاریداوە مانگانە ١٠٠ هەزار دیناریان پێ ببەخشێت، بەڵام ئەمە کەمترە لە مانگانەى کرێی خانوو و، خێزانەکە پێویستیان بە هاوکاریى خێرخوازانە.

ئەمە دووەمین حاڵەتە لە ناحیەى ڕزگاریدا کە بەهۆى هەژارى و نەبوونى تواناى کرێ خانوەوە خەڵکانى هەژار و کەمدەرامەت دەخرێنە سەر شەقام و دەردەکرێن، زۆرینەى دانیشتووانى ناحیەکە کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالن و بە زۆری هەژار و بێکارن.