سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاری کوشتنی مێردمنداڵێك ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-08-19

8301 جار خوێندراوەتەوە

لە بەنزینخانەى شۆڕش لە ناحیەى شۆڕش درەنگانێکى ئێوارەى ١٨ى ئەم مانگە کرێکارێکی بەنزینخانەکە بە گولە لەلایەن شۆفێرى ماتۆڕسکێلێکەوە کوژرا، رووداوەکە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە.

رووداوەکە لە کامێراى چاودێریى بەنزینخانەکەدا تۆمارکراوە، کە لە نزیک کاتژمێر حەوت و ٣٠ خولەک شۆفێرى ماتۆڕسکیلەکە بە مەبەستى بەنزین پڕکردن رووی لە بەنزینخانە کردووە و دواتر بە سێ فیشەک کرێکارى بەنزینخانەکەی کوشت.

کوژراوەکە ناوی زانا کامیلە و تەمەنى ١٦ ساڵان بووە و خوێندکاری پۆلی ٩ی بنەڕەتی بوو، کەمتر لە ساڵێک بووە لەو بەنزینخانەیە کاری کردووە بە هیوای ئەوەی بڕە پارەیەکی پێویست بۆ خۆی و خەرجیەکانی لە ساڵی نوێی خوێندندا دابین بکات.

عەدنان عەزیز خاوەنى بەنزینخانەى شۆڕش باسی لەوە کرد، لە ئێوارەی رووداوەکەدا زانا چاوەڕێ بووە لە دواى پێدانى بەنزین بەو ماتۆڕسوارە نانی ئێوارە بخوات، بەڵام مەرگ مەوداى پێنەداوە و تا ئێستاش خواردنەکەى لە شوێنى کارەکەى ماوەتەوە.

کامیل عوسمان باوکى گەنجە کوژراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، نە کوڕەکەیان و نە خۆیان هیچ کێشەیەکى کۆمەڵایەتى و تاکەکەسییان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نیە و تەنها بە مەبەستى کارکردن کوڕەکەیان لەو بەنزینخانەیەدا کارى کردووە.

زمناکۆ عومەر وتەبێژى ئاسایشی رۆژئاواى سلێمانى دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانى سنورەکە لەسەر رووداوەکە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، کە گەنجێکی ١٨ ساڵە و دانیشتووى ناحیەى رزگاریی سنورى گەرمیانە، بە مەبەستى میوانى چووەتە سنورى چەمچەماڵ، تۆمەتبارەکە هەر زوو دانى بە تاوانەکەیدا ناوەکە، بە وتەى خۆى بۆیە کوشتوویەتى تا بڕە پارەى نێو بەنزینخانەکە ببات، پێشتریش هەمان تۆمەتبار لەسەر رووداوێکى دزیکردن لە گەرمیان دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە.

ئەو مادە یاساییەى تۆمەتبارەکەى پێ دەستگیرکراوە مادەى ٤٠٦ە لە یاساى سزادانى عێراقى، کە تایبەتە بە کوشتن، بەپێى وتەى بەرپرسانى ئەمنى بەهۆى ئەوەى کوشتنەکە ئەنقەستە سزاکەى لەسێدارەدانە لە حکومەتى عێراقى و لە هەرێمى کوردستانیش زیندانى هەتا هەتاییە.