سەردێڕ:

ململانێکان بە کلاسیکۆى نێوان نەوەى نوێ و حکومەت ناودەبرێت

فۆتۆ: 
2019-08-19

2468 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە بەهۆی پشووی یارییەکانی خولەکانی ئەوروپاوە کلاسیکۆی نێوان بەرشەلۆنە و ریاڵمەدرید هەواڵی نییە و گفتوگۆی لە بارەوە ناکرێت، بەڵام کلاسیکۆیەکی تر لەنێوان حکومەتی هەرێم و جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەنگوباسی گەرمە و ناوبەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵ دەکات.

لەبەهاری ئەمساڵدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمانی کوردستانە، پلانێکی نوێ کارکردنی ڕاگەیاند، ئەویش بریتی بوو لەم دروشمە: (ئەوەی حکومەت نایکات و پێی ناکرێت ئێمە دەیکەین!)

هەر لەوکاتەدا بەهۆی لافاوەوە چەند پردێک لە هەرێمی کوردستان زیانی پێگەیشتبوو، یەکێک لەزۆر بەکارهێنراوترینیشیان پردی سماقوڵی بوو، کە ڕێگەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانییە. ئەو پردە بەهۆی بەرزبونەوەی ئاوی بەنداوی سماقوڵییەوە ژێرئاو کەتبوو و بە درێژایی زستانی دوو ساڵ ڕۆژانە گرفتی زۆری بۆ هاتوچۆ دروستکردبوو.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پۆستێکدا ڕایگەیاند کە لەماوەی ١٢ کاتژمێردا پردی سماقوڵی چاکدەکەن، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی تیمەکانی ئەندازەیی نەوەی نوێ دەست بەسەر کەرەستەو ئامێر و کەلوپەلەکانیامدا گیرا و ڕێگە نەدرا کارەکە بکەن و حکومەت خۆی دەستی بە چاکردنەوەی پردەکە کرد.

دواتر لە پۆستێکدا لە پەیجەکەی خۆی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی ڕێگریی و کارەکەی حکومەتەوە نوسی "هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا خزمەتی هاوڵاتییەکانی ناکات گەر فشارێکی ڕاستەقینەی لەسەر نەبێت. بۆیە بە ڕای من لەو کلاسیکۆیەی ململانێی نێوان نەوەی نوێ و دەسەڵات براوەی یەکەم هاوڵاتی بوو کەهەموان لەمەولا کێبڕکێیان دەبێت لەسەر خزمەتکردنی زیاتی هاولاتی".

بەپێی پۆستێکی دکتۆر کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی فشار و پلانەکانی دژی نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی لە نیسانی ئەمساڵدا کە تەنانەت بەهۆیەوە سەرۆکی جوڵانەوەکە چووە زیندانەوە،ئەوا بە وتەی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ کلاسیکۆی سماقوڵی.

لەپاش چەند هەوڵ و کارێکی تری لەو شێوەیە، چەند ڕۆژێک لەمەوپێش جوڵانەوەی نەوەی نوێ کلاسیکۆیەکی تری بەرامبەر دەسەڵات ڕاگەیاند ئەویش چاکردنەوەی تونێلەکەی دەربەندیخان بوو، کە ماوەیەکی زۆرە فەرامۆش کراوە، بەڵام هەرزوو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگریان لە تیمی ئەندازەیی نەوەی نوێ کرد دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە.

زۆرینەی ئەو هاوڵاتییانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر کلاسیکۆی نەوەی نوێ و دەسەڵات قسەدەکەن، پێیان وایە ئەنجامی کلاسیۆکان بە سوودی هاوڵاتی کۆتایی پێدێت.

هەژار ئیبراهیم لە کۆمینتێکدا بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نوسیویەتی: "دوێنێ بەسەر پردەکەی تۆدا تێپەڕین لە سماقوڵی، ئەو پردەی تۆی بە هاوڵاتییانەوە بەستەوە. پەیوەندی تۆو خەڵکی ڕەشوڕوتی پتەوترکرد. گرنگە ئەم جۆرە موبادەرانەتان بەردەوام بێت. گرنگە لەنێوان تۆ و حکومەتدا سودمەندی یەکەم خەڵکی بێت".

بەشێکیش پێیان وایە ئەوەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەیکات موزایەدەیە، بەڵام جوڵانەوەکە و تیمە ئەندازەیەکانیان پێش راگەیاندنی هەر پرۆژەیەک سەرەتا دەڵێن :(ئەم موزایەدەیەشمان لێ قبوڵ بکەن).

بەشێکی تریش پێیان وایە ئەم کارانەی نەوەی نوێ تەنها بۆ خۆدەرخستنە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا خۆبەخشانی جوڵانەوەکە وەڵامیان ئەوەیە کە ئەگەر گریمان بۆ خۆدەرخستنیش بێت ،ئەوا سودمەندی یەکەم هاوڵاتییە و هیزی سیاسی بە چاکردنەوەی تونێل و پرد و دروستکردنی یاریگا خۆی دەربخات باشترە وەک لەوەی بە بەخشینەوەی دەمانچە یاخود جنێو یان دروستکردنی کێشە بۆ هاولاتییان، خۆیان دەربخەن.

 بەپێی کار و پلانەکانیان جوڵانەوەی نەوەی نوێ روئیایەکی نوێی هەیە بۆ کاری ئۆپۆزسیۆنی لە هەرێمی کوردستان و بە دروشمی (دەبێت حزب خزمەتکاری خەڵک بێت) دەیانەوێت ململانێی نێوان خۆیان و دەسەڵات لە بەرژەوەندی حیزبی و ململانیی ناشیرینی حیزبی، بگۆڕن بۆ ململانێ و کێبڕکێیەک کە لە کۆتاییدا لە بەژەوەندی و سودی هاوڵاتیان کۆتایی بێت.