سەردێڕ:

ماریا هه‌ورامی لەسەر داوای لێبوردنەکەی مەلا هەڵۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-08-19

32812 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەند ماریا هەورامی رایگەیاند،  کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگری بۆیە " بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبووردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم. لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا راگرم".

هونەرمەند ماریا هەورامی لە روونکردنەوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، " من وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەربکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم رەچاوی دابوونەرێتی کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە، هەم بەپێی توانا ڕەنگدانەوەی کەلتور و گۆرانی ڕەسەنی کوردی تیایدا دەربکەوێت، دوا گۆرانیشم " دڵەکەمی " گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییە و بە شاکارێکی سەرکەوتووی خۆمی دەزانم".

سەبارەت بە قسەکانی مامۆستا هەڵۆش، ماریا هەورامی نوسیویەتی، " دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوەندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم و بنەماڵەکەم کردووە، سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە کە کردوویەتە سەرم".

 ئەوەشی خستووەتەروو، "من وەک ماریا، ڕێزی زۆرم بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە، هەروەها بە مافی خۆمیشی دەزانم لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و نەرێتی کۆمەڵگاکەماندا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و میانڕەوەی خۆم بم".

ئەو هونەرمەندە سوپاسی هەموو ئەو دەزگا و کەسایەتی و نوسەرانەش دەکات کە لە ماوەی رابردوودا پشتگیری کارەکەی ئەویان کردووە و وەڵامی لێدوانەکانی مامۆستا هەڵۆیان داوەتەوە کە بە " دەربڕینێکی نەشیاو و نامۆ بە کەلتوری کوردەواری و هێرشێکی ناڕەوای ئازار بەخش" وەسفی کردووە.

ماریا دەشڵێت، " هیواداریم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەموو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون".

رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠١٩ خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ ماریا هەورامی ڤیدیۆ کلیپی گۆرانیی "دڵەکەم"ی بڵاوکردەوە، پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپکە، تۆماری دەنگیی مامۆستایەکی ئاینی بڵاوبوویەوە کە بەشێوەیەکی نەشیاو ناوی ئەو هونەرمەندەی بردووە و تەشهیری پێکردووە، قسەکانی ئەو مامۆستا ئاینییە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا مامۆستا ئاینییەکە داوای لێبوردنی لە ماریا هەورامی کرد، بەڵام برایەکی ئەو هونەرمەندە ئەوەی راگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو مامۆستا ئاینییە تۆماردەکەن.