سەردێڕ:

سۆران عومەر: موچەی بەڕێوەبەرایەتییەک لە کوردستان لە موچەی ٢٣ وەزارەت زیاترە

فۆتۆ: 
2019-08-19

15384 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، موچەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەربازی، کە لەژێر حەوت ناودا خەڵک ناونووس دەکەن، لە موچەی فەرمانبەرانی ٢٣ وەزارەتی حکومەتی هەرێم زیاترە، بە جۆرێک خەرجیی مانگانەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ١٠٧ ملیار دینارە. جەختیش دەکاتەوە، کە ناعەدالەتییەکی زۆر لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا هەیە، چونکە خەڵك هەبووە "جاش و مستەشار بووە" و خانەنشین کراوە.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، داوای لە داوکاری گشتی کردووە ئەو دۆسیەیە بجوڵێنێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، " یەک شوێن لە حکومەتی هەرێم پارەی مانگانەی زۆر زیاترە لە پارەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجومەنی دادوەری و ٢٣ وەزارەت و دەستە و دەزگا."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو شوێنەش خانەنشینیی سەربازییە، کە بە شێوەی نایاسایی کراوە و لە ئێستادا حەوت ناوەند و دەزگای هەیە، کە دوو دەزگایان حکومین و پێنج دەزگاشیان حزبین و بە لێشاو خەڵك خانەنشین دەکەن."

لە یاداشتەکەی ئەو پەرلەمانتارەدا ئەوەش هاتووە، "مانگانە موچەی خانەنشینیی ئەمانە ١٠٧ ملیار دینارە و، ساڵانەش ترلیۆنێک و ٢٨٤ ملیار دینار بۆ موچەی خانەنشینیی سەربازی دەڕوات. زۆرینەی ئەو ناعەدالەتییەش بۆ دوو حزب کراوە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٣دا کە ساڵی هەڵبژاردنەکان بووە ٢٧ هەزار کەس بە ناوی پێشمەرگەوە خانەنشین کراون."

ئەو پەرلەمانتارە لە یاداشتەکەیدا ناوی ئەو حەوت ناوەندەش ئاشکرادەکات کە تا ئێستاش خەڵک خانەنشین دەکەن، ئەوانیش هەریەک لە "وەزارەتی شەهیدان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە، خانەنشینی پێشمەرگە لە یەکەی ٧٠ لە سلێمانی، خانەنشینی پێشمەرگە لە یەکەی ٨٠ لە هەولێر، خانەنشینی پێشمەرگە لە دەزگای ئەیلول و خانەنشینی پێشمەرگە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەولێر"ن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردووشدا دۆسیەی خانەنشینی بە گشتی و خانەنشینی پلە باڵاکان بەتایبەتی، زۆرترین مشتومڕی لە نێوان لایەن سیاسییەکاندا دروستکرد و بەشێک لە شارەزایانی دۆخی ئابورییش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر خانەنشینکردنی پلە باڵاکان و کەسانی دیکە بە هەر مەبەستێک بە شێوەی نایاسایی بەردەوامبێت، لە چەند ساڵی ئایندەدا حکومەت ناچارە بەشی هەرە زۆری بودجەکەی بۆ کەرتی خانەنشینی  تەرخانبکات.