سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. فڕێدانى بەرهەمى تەماتە لە دهۆک

فۆتۆ: 
2019-08-19

6292 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى هەرزانیى نرخەکەیەوە لە دهۆک جوتیاران بەرهەمى تەماتەیان فڕێدەدەن.

بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییەى بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، دوو جوتیار بەرهەمى ناوخۆى تەماتەکەیان بەهۆى بێبەهایى نرخەکەی و هەرزانییەوە فڕێدەدەن.

ئەو کەسەى گرتە ڤیدیۆکەى بڵاوکردووەتەوە، لە پۆستێکیدا بە تەنزەوە نوسیوویەتى، "پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ بەرهەمى ناوخۆى ئەمساڵ شتێکى زۆر جوانە و دەستخۆشى لە وەزارەتى کشتوکاڵ دەکەین."

ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنى بەرهەمى کشتوکاڵیى ناوخۆ، نرخى بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ ئاستێکى زۆر نزم دادەبەزن و زۆرجاریش تێچووى هەڵگرتنەوەى بەروبوومەکە هێندە زۆرە بەراورد بە فرۆشتنى بەرهەمەکە بە نرخێکى زۆر کەم، بۆیە زیانى زۆر بەر جوتیار دەکەوێت و زۆرجاریش دەبینرێت بەرهەمەکانى شوتى و خەیار و تەماتە کۆناکرێنەوە یان کۆدەکرێنەوە و فڕێدەدرێن

جوتیاران بەردەوام گلەیى لە وەزارەتى کشتوکاڵ دەکەن کە گرنگى بە بەرهەمى ناوخۆ نادەن و ڕێناگرن لە هاتنى بەرهەمى دەرەکى.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوەوە کە باس لەوە دەکات لە هەرێمی کوردستان بە رێگەی مادەی کیمیایی شوتی بە شێوەی ناسروشتی و پێشوەخت پێدەگەیەنرێت، ئەوەش کاردانەوەی هاوڵاتییانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و وەزارەتی کشتوکاڵیان بە کەمتەرخەم لە ئاستی چاودێریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی تۆمەتبارکرد.