سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەت: بۆ زیادکردنی هەلی کار پشتیوانی لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت دەکەین

فۆتۆ: 
2019-08-19

7132 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەگوێرەی پلانی نوێی حکومەتی هەرێم لەکاتی دامەزراندنی فەرمانبەراندا پشت بە فۆڕم و شێوازێکی نوێ دەبەسترێت و، بۆ زیادکردنی هەلی کاریش حکومەت دەخوازێت کەرتی تایبەت بەهێزبێت و پاڵپشتیی کەرتی تایبەت دەکات.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەش کرد، حکومەتی عێراق لە بەهای ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوت زیاتر لە بودجەی هەرێم دەبڕێت و، ئەو بڕە پارەیەش کە مانگانە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت حکومەت لە موچەدا خەرجیکردووە.

باسی لەوەش کرد، لە پرسی نەوت و گاز، دۆسیە ئابورییەکان و بابەتی  ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمدا هەماهەنگیی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و کۆکن لەسەر هەنگاوی کردەیی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نراوە و، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لیژنەی تەکنیکی لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری هەرێم، بەغدا موچە تەنها بۆ ٦٨٢ هەزار فەرمانبەر دەنێرێت و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩وە لە کۆی ١٢.٨٤ ترلیۆن دیناری بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی بەغدا، تەنها ٥.٤٤ ترلیۆن دیناری بۆ موچە رەوانەکردووە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی کورستان لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا دەستپێدەکاتەوە، حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە پرۆژە یاسای چاکسازیی هەمواردەکاتەوە و بە مەبەستی پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی دەکاتەوە.

هـ.ع