سەردێڕ:

روسیا.. گەنجێک دواى کوشتنى تەواوى ئەندامانى خێزانەکەى خۆى دەکوژێت

فۆتۆ: 
2019-08-19

8839 جار خوێندراوەتەوە

روداوێکی سامناک ڕوسیای هەژاندووە، هەرزەکارێک تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەتەور دەکوژێت و پاشان خۆی دەکوژێت.

لە گوندی پاتریکیفۆ ی سەربە ناوچەی ئۆلیانفۆسک لە وڵاتی ڕوسیا، دوێنێ یەکشەممە ١٨ى ئابى ٢٠١٩ تەرمی پێنج کەس دۆزرانەوە کە نیشانەی هێرشی توندوتیژیان پێوەدیاربووە، پێش دۆزینەوەی تەرمی شەشەم لە شوێنێکی نزیک لەوان.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، تەرمەکان بریتین لە تەرمی پیاوێکی٦٦ ساڵ، دوو ژن کە تەمەنیان ٦٩ ساڵ و ٤٢ ساڵە، لەتەنیشتیانەوە تەرمی دوومنداڵ کە تەمەنیان دەگاتە ٤ ساڵ و هەمووشیان لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەیانەوە کە تەمەنی ١٦ ساڵە بووە بە تەور کوژراون پێش خۆکوشتنی.

نوێنەری نوسینگەی دادگای گشتیی ناوچەکە لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، "هەرزەکارەکە تاوانبارە بە ئەنجامدانی تاوانەکە و لەوانەیە توشی نەخۆشی دەروونی بووبێت".

کەناڵی  ڕین تی ڤی روسى ئاماژەی بەوەکرد، هەرزەکارەکە پێش هەستان بە تاوانەکە نامەیەکی دەنگی بۆ هاوڕێیەکی ناردوە کە تیایدا گلەیی لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکات.

لەلایەکی ترەوە، یەکێک لە هاوپۆلەکانی ئەم هەرزەکارە ڕەتیکردووەتەوە هاوڕێکەی کەسێکی شەڕەنگێز بووبێت، و وتیشی ئەو کەسێکی زیرەک بووە و کاتەکانی پشووی تەنها بە یارییە ڤیدیۆییەکانەوە بەسەردەبرد.

ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە، خێزانەکەی زۆریان خۆش دەویست و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی کەسانێکی باش بوون، بۆیە ناکرێت ئەگەری کێشەی سۆزداری لەپشتی تاوانەکەوە بێت چونکە لە ڕاستیدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسدا نەبووە.