سەردێڕ:

عێراق.. کار دەکرێت بۆ گەڕانەوەى دراوى ئاسن

فۆتۆ: 
2019-08-19

11326 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، کار دەکرێت بۆ گەڕانەوەى دراوى ئاسن کە لە چەند دەیەى ڕابردوودا بەکارهاتووە.

حەنین قەدۆ ئەندامى لیژنەى دارایى ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانى بانکى ناوەندى پێویستبوونى گەڕانەوەى دراوى ئاسنى کۆنیان تاوتوێ کردووە لە برى دراوى کاغەزى ئێستا کە زوو کۆن وخراپ دەبێت و دەدڕێت و جارێکى تر دەبێت چاپ بکرێتەوە.

قەدۆ ڕاشیگەیاند، بەکارهێنانى جۆرەکانى دراوى ئاسن و خستنیە بازاڕەوە بەها بۆ دراوى عێراق دەگەڕێنێتەوە.

دینار دراوى فەرمى وڵاتى عێراقە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە دەردەکرێت و دابەش دەبێت بۆ هەزار فلس، بەڵام لەگەڵ هەڵاوسانى ئابورى وڵات لە کۆتاییەکانى سەدەى ڕابردوو دراوەکانى ئاسن کە لە هەزار دینارەوە تا فلسێک مامەڵەى پێوەنەکرا.

بەپێى بەشێک لە شارەزایانى ئابورى تێچووى دراوى ئاسن لە دراوى کاغەز زیاترە و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگرتنى لەلایەن هاوڵاتیانەوە قورستر دەبێت.

دواى هاتنەدەرەوەى عێراق لەژێر داگیرکارى بەریتانیا لە ساڵى ١٩٣٢ دراوى دینار دروستکرا لە بەرانبەر روبیەى هیندیی کە پێشتر لە عێراق مامەڵەى پێوەدەکرا و گۆڕا، کە بۆ هەر دینارێک یەکسان بوو بە ١٣ ڕوبیە.