سەردێڕ:

مەلا هەڵۆ سەردانی ماڵی ماریا هەورامی کرد

فۆتۆ: 
2019-08-19

37792 جار خوێندراوەتەوە

مەلا هەڵۆ حەمە رەشید مامۆستای ئاینی رایگەیاند، سەردانی ماڵی هونەرمەند ماریا هەورامی کردووە و لەوێ ئەوەندەی تر پەشیمان بووەتەوە لە قسە" ناشەرعی و نەشیاوەکان" ى.

مەلا هەڵۆ حەمە رەشید لە ڤیدیۆیەکی راستەوخۆی فەیسبووکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانی ماڵی هونەرمەند ماریا هەورامی کردووە و خێزانەکەی رێزێکی تایبەتییان لێ گرتووە و لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەماوە.

وتیشی، خێزانی ماریا هەورامی بەڵینیان داوە دوای روونکردنەوەکانی خۆی، ئەوانیش روونکردنەوەی خۆیان بدەن و کۆتایی بەکێشەکە بهێنن.

هاوکات لەبارەی مامۆستا فاتیح شارستێنیەوە دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا مامۆستا فاتیح داوایکرد لەسەر کەناڵەکان داوای لێبوردنی لێ بکەم، بەڵام من وتم کەی تۆ لە فتواکانت پەشیمان بوویتەوە منیش داوای لێبوردن دەکەم، چونکە مامۆستا فاتیح کۆمەڵێک شتی نا شەرعی حەڵال کردووە."

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستا فاتیح لە هیچ شتێکی خۆی پەشیمان نەبووەتەوە ودەیوت "من لە دیندا ئاسانکاریی دەکەم، تۆ توندڕەوی و دین قورس دەکەیت".

ئەو مامۆستا ئایینییە وتیشی، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڵینیان داوە سوکایەتى بەیەکتر رابگرن، بەڵام بێ دەنگ نابێت لە هەرکەسێک فەتوای "پێچەوانەی شەرع" بدات و قسەی لەسەر دەکات.

ئەو وتانەى مەلا هەڵۆ دواى ئەوە هات کە پێشتر کەسوکاری ماریا هەورامى رایانگەیاند رێگای یاسا دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو وتە نەشیاوانەى مەلا هەڵ بە هونەرمەند ماریا هەورامى وتووە، دواتریش لەسەر هەمان کێشە ناکۆکى کەوتە نێوان مەلا هەڵۆ و مەلا فاتیح شارستێنى و دوێنێش یەکێتى زانایانى ئایینى ناکۆکى نێوان ئەو دوو مامۆستا ئاینییەى چارەسەرکرد.