سەردێڕ:

سەرۆک شارەوانییەکانى ئامەد و وان و ماردین لە پۆستەکانیان دورخرانەوە

فۆتۆ: 
2019-08-19

2273 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى تورکیا بە بڕیارێک هەر سێ سەرۆک شارەوانیى ئامەد و وان و ماردینى لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.

ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردووەتەوە، دواى بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا، بەیانى ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان چواردەورى بیناى هەر سێ شارەوانییەکەیان دا و دەرگاى بیناى شارەوانى ئامەدیشیان شکاند.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەوانەى دورخراونەتەوە بریتین لە سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆکى شارەوانى ئامەد و ئەحمەد تورک هاوسەرۆکى شارەوانیى ماردین و بێدیا ئۆزگۆکچێ  هاوسەرۆکى شارەوانیى وان لە پشکى پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە.

سەرۆک شارەوانى ئامەد رایگەیاندووە، بە بێ ئەوەى هیچ ئاگادارکردنەوەیەکى بەدەستبگات لە کارەکەى دورخراوەتەوە و ئەوەشى بە دوور لە دەستور و رەچاوکردنى هەڵبژاردنەکانى وڵاتەکە ناوبردووە و دەبێ هاوڵاتی ئەو هەڵوێستە وەک هەڵوێست لە دژى ئۆپۆزیسیۆنى دیموکراتى لێکبداتەوە.

وەزارەتى ناوخۆى تورکیاش هۆکارى دورخستنەوەى ئەو سێ سەرۆک شارەوانییەى بۆ بوونى پەیوەندییان بە پەکەکە و چەند دۆسیەیەکى تر گەڕاندووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانى رابردووشدا پێشتر سەرۆکى شارەوانى بەشێک لە شارەوانیەکانى ناوچەکانى باکورى کوردستان لەپۆستەکانیان دوورخرابوونەوە و لەبرى ئەوان قەیومەکان دانرابوون