سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە پرۆسەی بایۆمەتری دووبارە دەکاتەوە

بۆ نەهێشتنى موچەخۆرى بندیوار
فۆتۆ: 
2019-08-18

8861 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم پلانى هەیە جارێکی دیکە پرۆسەی بایۆمەتری دووبارە بکاتەوە بۆ نەهێشتنی دوو موچەیی و موچەخۆرى بندیوار، بەمەش دەردەکەوێت ئەو پرۆسەیەی ٢٠١٧ کرا بۆ هەمان مەبەست، شکستی هێناوە.

موچەخۆری بندیوار، موچەخۆری وەهمی، هەموو ئەو ناوانە بوون لەو کەسانە نران کە بە ڕێگەى نایاسایى موچەیان لە حکومەتى هەرێم وەردەگرت.

حکومەتیش بۆ چارەسەری ئەو بارگرانییە، بڕیاریدا پرۆسەی بایۆمەتری موچەخۆران بکات تا موچەخۆری ڕاستەقینە لە موچەخۆری سەربار جیابکرێتەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦دا پرۆسەکە دەستیپێکرد و لە کۆى زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار موچەخۆر، تەنیا ٨٤٠ هەزاریان بەشداریی پرۆسەکەیان کرد.

بەپێی ئەو داتایانەی لیژنەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لەو کاتەدا بڵاویکردوونەتەوە، ژمارەی موچەخۆران یەک ملیۆن و ٣٧٨ هەزار کەسە، کە لەو ژمارەیەش ١٠٠ هەزاریان قوتابیی زانکۆ و پەیمانگاکانن کە دەرماڵە وەردەگرن و شمولی سیستمی بایۆمەتری ناکەن و تۆمارنەکراون.

هەر بەپێێ داتاکان، ژمارەی خانەنشینان ٢٢٩ هەزارە و موچەخۆرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ٩١ هەزارە و کەمئەندامان و چاودێریی کۆمەڵایەتی ١٩٠ هەزارە، موچەخۆری سەربازی ٢٩٢ هەزارە و فەرمانبەرانی شارستانی ٤٧٦ هەزارە.

بەڵام بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس وەك فەرمانبەر موچەیان لە حكومەت وەرگرتووە لەو ژمارەیەش تەنیا ٨٤٠هەزار کەسیان پرۆسەی بایۆمەترییان کردووە، بەمەش دەردەکەوێت بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن دەزگاکانی تایبەتمەند بە کاروباری فەرمانبەران بڵاودەکرێتەوە، جیاوازییەکی زۆر لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا پلان هەیە جارێکی دیکە پرۆسەی بایۆمەتری دووبارە بکرێتەوە بە مەبەستی نەهیشتنی دوومەچەیی و موچەخۆرى بندیوار بەمەش دەردەکەوێت ئەو پرۆسەیەی ٢٠١٧ کرا بۆ هەمان مەبەست، شکستی هێناوەو نەیتوانی دوو موچەیی و فەرمانبەری وەهمی و بندیوار بنەبڕ بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا ٨٤٠ هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان كردووە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ٦٢١ هەزار فەرمانبەر تێپەڕ ناکات.

پەریخان نووری باسی لەوەش کردووە، ئێستاش دوو مووچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید موچەی خۆی و شەهیدانەش وەردەگرێت، زیندانیانی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفالیش هەیانە ٣ كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە سێ موچە وەربگرێت.

هاوکات، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، دوای پێداچوونەوە بە میلاكی فەرمانبەران، کاریان لەسەر پڕۆژەیاسایەك كردووە و تەواو بووە، دەینێرنە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.

وتیشى پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە، ئەوانەی كە موچەی مانگانە لە حكومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن، یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێ.

لە ماوەی ڕابردوودا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم باسی گەرمی نێوان هەولێر و بەغدا بوو، بەوەی بەغدا باسی لەوەدەکرد ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا ٦٢٨ هەزار فەرمانبەرە و لەبەرامبەریشدا هەولێر جەختى دەکردەوە ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار کەسەو تائیستاش ئەم بابەتە ناکۆکى نێوان هەردوولایە.