سەردێڕ:

ئاسایشی سلێمانی رێگەی نەدا یادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن بکرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-08-18

2707 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵیادى تیرۆرکردنى وەدات حسێن ئاسایشى سلێمانى ڕێگەیان نەدا خانەوادەکەى ئەو یادە بکەنەوە.

دایکی رۆژنامە نوس وەدات حسێن لەگەڵ خێزانەکەی سەدان کیلۆمەتری بڕیوە و لە دهۆکەوە هاتووەتە سلێمانی، ئەو هاتووەتە لای هاورێ و هاوپیشەکانی کورەکەی تا لە سێیەم ساڵیادی تیرۆرکردنی کورەکەیدا بەشداری بکات، بەڵام لە لایەن ئاسایشى سلێمانیەوە ڕێگەیان پێنەدرا لە هیچ شوێنێک یادەکە بکەنەوە.

خێزانەکەی وەدات بە یادکردنەوەی تیرۆرکردنی کوڕەکەیان لە سلێمانی دەیانویست سوکناییەک بدەن بە ڕۆحی پر لە ئازاریان کە سێ ساڵە بەدەم خەم و ناسۆرەوە دەژین، ئەوان نیگەرانن لەوەی هیچ کەسێک لەسەر کەیسی کوڕەکەیان سزانەدراوە.

شنە فایەق، سەرپەرشتیاری یادەکە ئاماژەى بەوەکرد، وەدات حسێن دوای سێ ساڵ لە تیرۆرکردنی لە دهۆک هێشتا کەیسەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوە، هاوشێوەی کەیسی ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکانى دیکە، بەڵام ئەو جیاواز لە هاوڕی تیرۆرکراوەکانی ئەمساڵ ڕێگا بە یادکردنەوەکەشی نەدرا.

بۆ ئەمساڵیش خەڵاتى رۆژنامەنوس بەخشرایە نوسینگەى دهۆکى کەناڵى ئێن ئاڕتى کە لەلایەن ئەحمەد زاخۆییەوە وەرگیراو خەڵاتى دووەمیش درایە رۆژنامەى نەوژین لەلایەن زریان محەمەدەوە وەرگیرا.

وەدات حسێن پێنجەم ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراوی هەرێمە لە دوای کوژرانی عەبدولستار تاهیر و سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی، خێزانی ئەو ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەش دوای سێ ساڵ هیواخوازن کوڕەکەیان دوایین قوربانی و شەهیدی قەڵەم بێت.