سەردێڕ:

سەندیکاى هونەرمەندان داوادەکەن لە رێگەى یاساوە ڕێ لە شاڵاوى ناڕەوا بۆ سەریان بگیرێت

فۆتۆ: 
2019-08-18

2537 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکاى هونەرمەندان داوایان لە هەر چوار سەرۆکایەتییەکەى هەرێم کردووە، لە رێگەى یاساوە بەر لە شاڵاوى ناڕەوا بۆ سەر هونەرمەندان بگرن.

لە ڕاگەیەندراوێکی لقى سلێمانى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستاندا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ى ئابى ٢٠١٩ بڵاویانکردووەتەوە، داوا لە سەرۆکایەتییەکانى پەرلەمان و حکومەت و داواکارى گشتى و هەرێمى کوردستان دەکەن بەر لەو شاڵاوە بگرن بۆ سەر هونەرمەندان، کە بووەتە مایەى ناوزڕاندنى هونەرمەندان و بەرتەسککردنەوەى ئازادیى تاک و لێکترازانى کۆمەڵگاى کوردى.

لە ڕاگەیەندراوەکەى سەندیکاى هونەرمەنداندا هاتووە، "داواکارین هەمووان پێکەوە ڕێز لە ئازادیى یەکتر بگرین و گیانى پێکەوەیى و یەکترقبوڵکردن زیاتر قوڵبکەینەوە و هەموومان هۆکارى گەشەسەندنى کۆمەڵگاى کوردەوارى بین."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەمووان پێکەوە لەسەر ئەم خاکە دەژین بە جیاوازیى ڕەگەز و بیروڕاى ئاین و ئاینزاکانەوە و، هەمووان بەیەکەوە ڕووبەڕووى مەترسییەکانى سەر ئەم کۆمەڵگایە بوینەتەوە و بەیەکیشەوە دەتوانین کۆمەڵگاکەمان پێشبخەین."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژى رابردوودا دواى ئەوەى کە مەلا هەڵۆ حەمە ڕەشید مامۆستاى ئایینى چەند وشەیەکى نەشیاوى بە هونەرمەند ماریا هەورامى وت، دواتر پەشیمانبوونەوەى لە وتەکەى ڕاگەیاند، ئەوەش دەنگدانەوەى لێکەوتەوە و براى هونەرمەند ماریا لە وەڵامى مەلا هەڵۆدا ڕایگەیاند، ئەو بابەتە لە رێگەى یاساوە یەکلایى دەکەنەوە.