سەردێڕ:

ڕانیە..منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵان بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2019-08-18

1692 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕايگەیاند، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی لەدەستداوە.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٨ى ئابى ٢٠١٩ لە گەڕەکی شەهیدانى شاری ڕانیە کچێکی تەمەن شەش ساڵ لە خانویەکی نزیک ماڵەکەیان تەزوی کارەبا لێی داوە و بەهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەم منداڵە کە ناوی ( ع،ر ) بەڕەگەز عەرەبە و خەڵکی شارەکانى عێڕاقە، لەکاتێکدا بۆ یاری کردن لەگەڵ منداڵانی گەڕەکەکەیان دەچێتە ناو ئەو خانوەی کە هەیکەلە و تەواو نەکراوە، بەڵام کارەبای لەسەر بووە و لەکاتی یاریکردن تەزوی کارەبا لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، تەرمی منداڵەکە بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و دواتر گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە ومەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ئەوە شەشەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بەهۆی تەزووی کارەباوە.