سەردێڕ:

پزیشکى ئەشکەنجەدانى سەردەمی سەدام حسێن لە بەریتانیا مافی مانەوەی پێدراوە

فۆتۆ: 
2019-08-18

11355 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی عێراقی کە تۆمەتبارە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی سەدام حسێن لە بەریتانیا مافی مانەوەی پێدراوە.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەى تەلەگرافی بەریتانی، ئەو پزیشکە چارەسەرى ئەو زیندانیانەی کردووە کە لە گرتوخانەکانی ڕژێمی بەعسدا بوون تا بتوانن زیاتر ئازار بچێژن و بەرگەی لێدان و ئەشکەنجەدانى زیاتر بگرن.

پزیشکەکە ڕایگەیاندووە، دوو بژاردەی هەبوو یان ئەوەتا واز لە زیندانیکراوەکان بهێنێت تا بە برین و ئازارەکەیانەوە بمرن، یاخود چارەسەریان بکات بۆ ئەوەى بەرگەی لێدان و ئەشکەنجەی زیاتر بگرن.

لەگەڵ ئەوەی سەرەتا حکومەتی بەریتانیا داوای مانەوەی پزیشکەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر داگا ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک بەردەست نیە ئەو پزیشکە عێراقییە دەستی هەبوبێت لە ئەشکەنجەدانی زیندانیاندا.

تەلەگراف بەبێ ئاشکراکردنى ناوى پزیشکەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ساڵی ١٩٩٥ عێراقی بەرەو لیبیا بەجێهێشتووە و لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە لە بەریتانیایە و چاوەڕی مافی مانەوەی کردووە، کە دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧ مافی مانەوەی پێدراوە.