سەردێڕ:

عێراق.. لەسەر گەندەڵى لێپرسینەوە لە عەبدولمەهدی و پێنج وەزیر دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-08-18

2918 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێنج وەزیر بانگهێشتى پەرلەمان دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵى و کوتلەی دارایی حکومەتیش ڕێگرن لەبەردەم لێکۆڵینەوەکەدا.

ئەسعەد مورشیدی جێگری سەرۆکی کوتلەی حیکمە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئابی ٢٠١٩ ڕایگەیاند، پەرلەمان لە هەوڵدایە بۆ بانگهێشتکردنی پێنج وەزیر بۆ پەرلەمان، بەڵام چەند لایەنێکی دارایی و لایەنگری حکومەت ڕێگرن لەبەردەم پرۆسەکە و  فشار دەخەنە سەر عەبدولمەهدی لە ڕادەستنەکردنی فایلی گەندەڵی کە پەیوەستە بە چەند کەسایەتییەکەوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک، وەزیری کارەبا و کشتوکاڵ لە سەرەوەی لیستی وەزیرەکاندان کە پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشلێت، عادل عەبدولمەهدی لە نوسین و وتارەکانیدا بەردەوام بانگهێشتی پێویستیی کۆتاییپێهێنانی گەندەڵی دەکات، بەڵام لە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەدا تەنانەت یەک هەنگاوی جدی نەگرتووەتەبەر بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و، لە هەموو سەرۆکی حکومەتەکانی پێشوو زیاتر تەسلیمی هێزی تایبەت و ڕێککەوتنەکان بووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەکی سیاسییش پێیانوایە، شەمەندەفەرەکە عەبدولمەهدی بەجێهێشتووە لەڕووی سەرکردایەتیکردنى بەڕێوەبردنەوە و چیتر بەرپرسێکی متمانەپێکراو نییە.

ڕۆژی یەکشەمە ١١ی ئابی٢٠١٩ ئەمجەد عوقابی ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیی سائیرون ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە پێنج وەزیری حکومەت دەکات لەسەر چەند پرسێکی گەندەڵی و، شەشەمیان عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران دەبێت.

وتیشی، پەرلەمان بەنیازە متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێتەوە بە تۆمەتی ئەوەی دوو جار یاسای شکاندووە.