سەردێڕ:

یەکێتى زانایان کێشەى نێوان مەلا فاتیح شارستێنی و مەلا هەڵۆى چارەسەرکرد

داوای لێبوردنیان لەیەکتر کرد
فۆتۆ: 
2019-08-18

52158 جار خوێندراوەتەوە

دواى بوونى ناکۆکى لە نێوانیاندا، یەکێتى زانایانى ئایینى  رایگەیاند، مەلا هەڵۆ و مەلا فاتیح شارستێنى ئاشتکرانەوە و داوای لێبوردنیان لەیەکتر کردووە و کێشەکەیان چارەسەرکراوە.

لەراگەیەنراوێکدا یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان ئاماژەى بەوەکردووە، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەبارەى ئەو کاردانەوە و قسە لەسەر یەک کردنە و بەکارهێنانی مینبەر بۆ ئەو مەبەستە، هەردوو مامۆستا مەلا فاتح شارستێنی و مامۆستا مەلا هەڵۆ حەمە رەشید بانگهێشتنی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان کران."

باسی لەوەشکردووە، لەدانیشتنەکەدا هەردوولا "گەردن ئازادیی و داوای لێبوردنیان ئاراستەی یەک کرد و لە کەشێکی برایانە بڕیار درا جارێکی تر شتی لەو شێوە دوبارە نەبێتەوەو لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە."

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە دانیشتنەکەدا باس لەوەکراوە، کە "مینبەر شوێنی کاردانەوە و قسەی نەشیاو نیە و ناکرێ بە توندی و زمانی هەڕەشە مامەڵە بکرێت، چونکە ئەمە لەگەڵ پەیامی ئیسلام یەک ناگرێتەوە."

یەکێتى زانایانى ئایینى داواشی لە مامۆستایانى ئایینى کردووە، لەو حاڵەتانە نەکەونە ژێر کاریگەری سۆشیال میدیا و نەبنە مایەی گەرم کردن و وروژاندنی زیاتر و قسەی نەشیاو و لایەنگیریی، هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژى رابردوودا دواى ئەوەى کە مەلا هەڵۆ چەند وشەیەکى نەشیاوى بە هونەرمەند ماریا هەورامى وت، مەلا فاتیح شارستێنى لەسەر مینبەرى مزگەوت بە توندى وەڵامى دایەوە و ئەوەش بووەهۆى دروستبوونى ناکۆکى لە نێوانیان.