سەردێڕ:

قامیشلۆ.. بەهۆى تەقینەوەیەکەوە کەسێک گیانى لەدەستدا

تەقینەوەکە لە ناوچەى پیشەسازى روویداوە
فۆتۆ: 
2019-08-18

879 جار خوێندراوەتەوە

بەیانى ئەمڕۆ لەناوەندى شارى قامیشلۆى رۆژئاواى کوردستان تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەوە کەسێک گیانى لەدەستدا و دوو کەسى دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هاوار نیوز لەرۆژئاواى کوردستان بڵاویکردەوە،  کاتژمێر ٩ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە ناوچەى پیشەسازى لە قامیشلۆ خۆکوژێک خۆى بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقاندووتەوە.

باسی لەوەشکردووە، بەهۆى تەقینەوەکەوە کەسێک گیانى لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون و دواتر رەوانەى نەخۆشخانە کران بە مەبەستى چارەسەرکردنیان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى تەقینەوەکە رێوشوێنى ئەمنى گیراوەتە بەر و هێزە ئەمنییەکان بە پشتێنى ئەمنى چواردەورى شوێنى رووداوەکەیان داوە.

لەدواى هەوڵەکانى تورکیا و ئەمریکا بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام لە باکورى سوریا، دۆخى ئەمنى ناوچە کوردییەکان ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و لە چەندین شارى رۆژئاواى کوردستان تەقینەوە روویداوە.