سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: نیوەى زیندانیانى سیاسى ئێران کوردن

فۆتۆ: 
2019-08-18

1526 جار خوێندراوەتەوە

ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاشكرايكرد، نیوەى زیندانیانى سیاسى ئێران کوردن و رێژەى لە سێدارەدانیش لە ئاستێکى بەرزدایە.

جاوید رەحمان، نوێترین راپۆرتى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤى لە ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ناوچە کوردنشینەکان لەوانە پارێزگاکانی؛ ئورمیە، سنە و کرماشان هیچ گەشەپێدانێکیان نییە و ڕێژەی بێکاری تێیاندا زۆر بەرزە.

ئاماژەى بەوەشکرد، کوردەکان لە پۆستە باڵاکان دانانرێن، زمانی کوردی لە خوێندنگاکان بە شێوەی فەرمی ناوترێتەوە و گروپە ناحکومییەکان بە شێوەی نافەرمی زمانی کوردی دەڵێنەوە.

لە راپۆرتەکەدا باسلەوەکراوە، نیوەی زیندانیانی سیاسیی ئێران کوردن و ساڵی رابردوو کۆتوبەندی سەر ئازادی رادەربڕین زیادیان کردووە.

بەپێى راپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی سزاکانی لەسێدارەدان کە لە ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێکراون بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٧ کەمترە، بەڵام ھێشتا ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان رێژەیەکی گەورەی لەسێدارەدانی تێدایە.

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی تائێستاش بکەرانى ٨٠ تاوان لە ئێراندا رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، لە نێویاندا تاوانی زینا و ھاوڕەگەزبازیی و ھەڵگرتنی ماددەی ھۆشبەر ھەیە.