سەردێڕ:

ئەفغانستان: لە تەقینەوەیەکدا لە ئاهەنگێکى بوک گواستنەوە ٦٣ کەس کوژران

١٨٠ کەسیش برینداربوون
فۆتۆ: 
2019-08-18

3544 جار خوێندراوەتەوە

شەوى رابردوو بەهۆى تەقینەوەیەک لە هۆڵی ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا لە کابولى پایتەختى ئەفغانستان ٦٣ کەس کوژران و ١٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

ماڵپەڕی بی بی سی لە زارى چەند شایەتحاڵێکى رووداوەکەوە بڵاویکردووەتەوە، خۆکوژێک لە ئاهەنگەکەدا لە ڕۆژئاوای شارى کابولی  پایتەخت خۆی تەقاندووەتەوە کە سەدان میوان تیایدا بانگهێشتکرابوون.

لەلایەکى دیکەوە زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەى تاڵیبان بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکەى کرد و رایگەیاندووە، "هیچ ڕوونکردنەوەیەک نییە بۆ ڕووداوێکی وەحشیگەرانە کە ژنان و منداڵان بە ئامانج بگیرێت تیایدا."

 تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتى تەقینەوەکەى نەگرتووە ئەستۆ.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەکە، ئاشکرایکرد بەهۆى تەقینەوەکەوە ٦٣ کەس کوژران و ١٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەى ماڵپەڕى بی بی سی ئەو شوێنەى تەقینەوەکەى تێدا روویداوە زۆربەى هاوڵاتییانى شیعەمەزهەبن.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەى رابردووش تەقینەوەیەک لە بەردەم سەنتەرى پۆلیسی کابول ڕوویدا و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لە دەستدا و  نزیکەی ١٥٠ کەسى دیکەش برینداربوون و بزوتنەوەى تالیبانیش تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکە تا دێت زیاتر دەبێت، هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا و تاڵیبان هەزاران چەکدارییان لە وڵاتەکەدا هەیە و بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانیش هەردوو هێزەکە لە ئێستادا لەهەموو کات نزیکترن لە پێکهێنانی ڕێککەوتنی ئاشتی.

انفجار کابل روز ۱۷ اوت ۲۰۱۹