سەردێڕ:

ساڵانە لە چەمچەماڵ هەزاران تۆن زەیتون بەرهەم دەهێنرێت

فۆتۆ: 
2019-08-17

2329 جار خوێندراوەتەوە

لە چەمچەماڵ ساڵانە هەزاران تۆن زەیتون بەرهەمدەهێنرێت و تائێستاش بڕیارى دروستکردنى کارگەیەکى زەیتى زەیتون لەو سنورە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

تارق عەزیز، هاوڵاتیەکى بەرەگەز عەرەبە و لەگەڵ تێکچوونى دۆخى ئەمنى پارێزگاکانى ناوەڕاستى عێراق لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە هاتووەتە سنورى چەمچەماڵ و لەوێ ژیان بەسەر دەباتن لە ئێستادا سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردنى باخێکى گەورەى زەیتون بووە بەپیشەى رۆژانەی و بژێوى خێزانى پێدابین دەکات.

لە سنورى چەمچەماڵ لەبارى جۆرى خاک و کەش و هەوا وایکردووە سەدان جوتیار سەرقاڵى بەرهەمهێنانى زەیتون بن و ساڵانە بە هەزاران تۆن بەرهەمى زەیتونیان هەبێت، بەڵام نەبوونى کارگەى تایبەت بە دروستکردنى زەیتی زەیتون گرفت و ئاستەنگى بۆ دروستکردوون و وایکردووە بەرهەمەکەیان هەناردەى پارێزگاکانى تری بکەن یاخود هەرزانفرۆشی بکەن.

لە کابینەى پێشووى حکومەتدا وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکان بەڵینى دروستکردنى کارگەیەکى زەیتى زەیتونى دا لە سنورەکە و تا ئێستاش بەڵێنەکە جێبەجێنەکراوە، بۆیە بەشێک لە جوتیاران بە ناچارى بەرهەمى زەیتونیان بۆ خۆشەکردن و بەکارهێنانى راستەوخۆ هەناردەى بازاردەکەن.

عیسا جەلال، بەڕێوبەرى کشتوکاڵى چەمچەماڵ دەڵێت، لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بەزووترین کات لەم کابینەیە دروستکردنى ئەو کارگەیە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

زیاتر لە هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى سنورى چەمچەماڵ بۆ باخى زەیتوون تەرخانکراوە و بەشێک لەو باخانە هی سەردەمى رژێمى پێشووى عێراقن و حکومەتى ئەوکات خۆى سەرپەرشتى کردوون لە ئێستاشدا ماون و ساڵانە بەرهەمیان هەیە.