سەردێڕ:

خانەقین.. بەهاوەن هێرشکرایە سەر گوندێکى کوردنشین

فۆتۆ: 
2019-08-17

4225 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، گەرمیان، گەرمیان حەمەى پور

ئەمشەو گروپێکى چەکداریی بە هاوەن هێرشیان کردەسەر گوندێکى کوردنشین لە سنورى خانەقین و هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، ئەمشەو گروپە چەکدارەکان ١٢گولـلە هاوەنیان ئاراستەى گوندى موبارەک کە گوندێکى کوردنشینە لە سنورەکە کردووە و تەنها زیانى ماددی لێکەوتەوە.

وتیشی، حەوت لەگولـلە هاوەنەکان تەقیونەتەوە، سیانیان کەوتووەتە ماڵی هاوڵاتییانەوە و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام یەکێک لە هاوەنەکان کەوتووەتە ناو ڕانەمەڕێکی گوندەکە و ژمارەیەک ئاژەڵی کوشتووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، هەر لەنزیک گوندەکە گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بارەگایەکى سوپاى عێراق و پاشان ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە و دواى ماویەک لە رووبەروونەوە، گروپە چەکدارەکان کشاونەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانداو بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەند گروپێکی نەناسراو ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە و لە زۆربەی رووداوەکانیشدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی.