سەردێڕ:

ئێران ڕەزامەندیى لەسەر بەفەرمیکردنى سێ مەرز دەربڕى

دەبنە مەرزێک بۆ هاتوچۆى گەشتیار
فۆتۆ: 
2019-08-17

13713 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە ئاشکرایکرد، ئێران رەزامەندیى لەسەر بەفەرمیکردنى مەرزەکانى (کێلێ) و (شوشمێ – تەوێڵە) و (شێخ ساڵح – پشتە) دەربڕیوە.

کاوە عەلى لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکى بۆ ئێن ئاڕ تى نێردراوە ئاماژەى بەوە کردووە، ئەو مەرزانە وەک مەرزى بازرگانى و گەشتیاری لە ١٠ى ئەم مانگەدا رەزامەندیى لەسەر بەفەرمیکردنى کراوە.

باسی لەوەش کردووە، هەنگاوی داهاتوو گەیاندنی ئەو ڕەزامەندییەیە بە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی و دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق و، بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەسەر ئەو پرسە بکەن، چونکە بڕیاری کۆتایی لە دەسەڵاتی هەردوو حکومەتی عێراقی و ئێرانیدایە.

وتیشی، لە ئێستادا نوسراوى رەزامەندییەکە لەلایەن لایەنى ئێرانییەوە بۆیان رەوانەکراوە و ئەوانیش دەیگەیەننە لایەنى عێراقی.

مەرزى شوشمێ و شێخ ساڵح دەکەوێتە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە و مەرزى کێلێش لە سنورى رانیەیە، ئەگەرچی جوڵەى بازرگانى لەو مەرزانە بەردەوامە، بەڵام نەبوونە مەرزێک بۆ هاتوچۆى گەشتیار، بە رەزامەندیى حکومەتى ئێران و عێراق، گەشتیاران لە ڕێی ئەو مەرزانەوە دەتوانن هاتوچۆ بکەن هاوشێوەى مەرزە نێودەوڵەتییەکانى دیکە.