سەردێڕ:

وەزارەتى رۆشنبیری لەبارەى کلیپەکەى ماریا هەورامى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-08-17

57035 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى رۆشنبیری لە روونکردنەوەیەکدا پشتگیریی بۆ ھونەرمەند ماریا ھەورامی دووپاتکردەوە و، داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئاینییش کرد، "رێگە نەدەن سووکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت".

لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى رۆشنبیریدا هاتووە، "مایەی نیگەرانییە قسەپێوتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە و بە ناوی دین و لە پەنای دینەوە، بە زمانێک کە لە کەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی کە لەسەر مینبەری مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشتبەرزی بڵێتەوە. لەکاتێکدا خودی گۆرانییەکە ھیچ وشە و وێنەیەکی تێدا نەبووە و نییە کە ناکۆک بێت بە کەلتوری گۆرانیی کوردەواری."

ئاماژەى بەوەش کردووە، "کەلتوری ھونەر و گۆرانیوتن لە کۆنەوە مۆرکی ناسراو و دێرینی کورد بووە و، یەکێک لە میللەتە دێرینەکانی ناوچەکە کە دەوڵەمەندە بە ھونەری گۆرانی و کۆی کایەکانی تری ئەو بوارە."

وەزارەتى رۆشنبیری داواشی لە وەزارەتى ئەوقاف و مامۆستایانى ئاینی کردووە، "رێگە نەدەن بە ھەر بیانوویەک و لە ژێر ھەر پاساوێک بێت سوکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت و وشەی نەشیاو و ناوزڕاندن بەکاربھێنن، کە ئەم کارە بەر لە ھەر شتێک ناکۆکە بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى بڵاوبوونەوەى کلیپێکى هونەرمەند ماریا هەورامى لەسەر شەقامى سەهۆڵەکەى سلێمانى و بەشداریپێکردنى جەماوەر لە کلیپەکەدا، مەلا هەڵۆ چەند وشەیەکى نەشیاوى بەرامبەر ئەو هونەرمەندە بەکارهێنا و دواتر پەشیمانیى خۆی لە وتەکانى دەربڕی، پاشانیش کەسوکارى ماریا هەورامى نیگەرانیى خۆیان لەو وتانە دەربڕى و ئاماژەیان بەوە کرد، رێگاى یاسا دەگرنەبەر.