سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانى.. لە جەژندا ٤٠ حاڵەتى برینداریی شەڕە چەقۆ هەبووە

فۆتۆ: 
2019-08-17

2476 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى ئامارەکانى سەردانیکردنى نەخۆشخانەکانى سلێمانى بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ئامارانەش ٤٠ حاڵەتى برینداری بە شەڕە چەقۆ هەبووە.

یاد نەقشبەندى وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى لەکۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکرد، لەرۆژانى جەژندا لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى فێرکاریی ١٢ حاڵەتى برینداریى هاتوچۆ و یەک حاڵەتى برینداریی بە فیشەک و نۆ حاڵەتى پێوەدانى دوپشک هەبووە و ١٧٢ نەخۆشیش داخڵى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى فێرکاریی بووە.

بەپێی ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە ٣١٩ کەس سەردانى نەخۆشخانەى هیوایان کردووە و سێ حاڵەتى نوێی شێرپەنجەش هەبووە کە دووانیان خەڵکى سلێمانى و ئەوی دیکەیان خەڵکى کەرکوکى کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان لەسەنتەرى ١٢٢یش کە تایبەتە بە گواستنەوەى حاڵەتە بەپەلەکان بە ئەمبوڵانس،  ٥٠ حاڵەتى بەپەلە و کتوپڕ هەبووە کە ١٦ حاڵەتى مرنیش لەو سەنتەرەدا هەبووە، ٥٢٩ کەسیش سەردانى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەناوى کردووە.

وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى، ئەوەشی خستەڕوو کە حاڵەتەکان بەبەراورد بە ماوەکانى رابردوو گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ رووینەداوە.