سەردێڕ:

حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش لە باشوری کەرکوک دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2019-08-17

4991 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە سنوری رەشاد لە باشوری کەرکوک دۆزیوەتەوە، کە داعش وەکو کۆگایەک لە چالاکییەکانیدا لە سنوری حەمرین بەکاریهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی فیدراڵیی عێڕاقدا ئەوەش هاتووە، هێزەکانی فیرقەی پێنجی سەربە پۆلیسی فیدراڵی لەکاتی هەڵمەتەکانی پشکنینی ناوچەکانی سنوری ناحیەی رەشاد حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیان لەناوبردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، حەشارگەکە ژمارەیەک پێداویستیی خۆراکی و جلوبەرگ و کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی لەناودابووە.

چەکدارانی داعش مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ ناحیەی رەشاد و تەواوی قەزای حەویجەیان لە باشوری کەرکوک کۆنترۆڵکرد و، تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە ناحیەکە لەلایەن پۆلیسی عێراق و حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکرایەوە، داعش چەندین جار لەو ناوچەیەوە شاری کەرکوکی بۆردومان کرد.

ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی رەشاد نزیکەی ٧٠ هەزار کەسە و سنورەکە بە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت ناسراوە.