سەردێڕ:

قایمقامى فەلوجە داواى لێبوردن لە خەڵکى هەرێمى کوردستان دەکات

فۆتۆ: 
2019-08-17

25496 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى هێرشکردنە سەر گەنجێکى کورد قایمقامى فەلوجە داواى لێبوردن لە خەڵکى هەرێمى کوردستان دەکات.

عیسا سایر قایمقامى فەلوجە لە نامەیەکیدا بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەوەى ڕوویداوە چەند کەسێک بوون کە هێرشەکەیان کردووەتە سەر ئەو گەنجە کوردە کە خاوەنى چێشتخانەیە لە قەزاى فەلوجە و هەڵسوکەوتێکى تاکە کەسى بووە و لە خەڵکى فەلوجە ناوەشێتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئیدارەى ئەو شارە زۆر خۆشحاڵبوون بە کردنەوەى ئەو چێشتخانەیە لەلایەن ئەو گەنجە کوردە و هەموو ئاسانکارییەکیشیان بۆ کردووە.

ووتیشى، "ئەوەى ڕوویداوە، دوورە لە بەها ئەخلاقییەکانى خەڵکى فەلوجە و بۆیە داواى لێبوردن لە خەڵکى کوردستان دەکەم".

قایمقامى فەلوجە دوپاتیشیکردەوە، سزاى ئەوانە دەدات کە هێرشەکەیان کردووە و لە ئێستادا دەستگیرکراون و ڕووبەڕووى دادگا دەکرێنەوە.

شەوى پێنچ شەممە چەند کەسێک لە قەزاى فەلوجە هێرشیان کردە سەر گەنجێکى کوردى دانیشتوى ئەو قەزایە کە چێشتخانەیەکى لەو شارە کردووەتەوە، ڕۆژى دواتریش هێزە ئەمنیەکان لەسەر ئەو ڕووداوە چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە.