سەردێڕ:

پۆلیسی هەولێر: دوو کەسمان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2019-08-17

2925 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هەردوو تۆمەتباری رووداوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێریان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی كە چوار ھاووڵاتی بە رەگەز "عەرەبیان رفاندووە و ئۆتۆمبێلەكەشیان دزیووە".

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، کاتژمێر یەکی شەوی رابردوو خێزانێکی بە رەگەز عەرەب ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( بی ئێم)یان پێبووە و ویستویانە بۆ شاری بەغدا بگەڕێننەوە ، بەڵام لەلایەن دوو هاوڵاتی دانیشتووی هەولێرەوە رێگریان لێکراوە و بەناوی ئاسایشەوە ناسنامەیان لێوەرگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە و لە جێگایەک شاردوویەتیەوە و خێزانە بەرەگەز عەرەبەکەشی فڕێداوە  " ئەو کەسانە مەبەستیان دزینی ئۆتۆمبێلەكە بووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر وتیشی، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا توانراوە تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن و ئۆتۆمبێلەکەش بدۆزرێتەوە، دوای رەزامەندی دادوەریش ئۆتۆمبێلەکە بە خێزانەکە دەدرێتەوە.