سەردێڕ:

فەڕەنسا چیتر نێوەندگری حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ناکات

فۆتۆ: 
2019-08-17

8288 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگیراوە و چیتر ئەو وڵاتە نێوەندگری لە نێوانیاندا ناکات.

ماڵپەڕەکە لە زاری پاری دیموکراتی کوردستانی سورییەوە بڵاویکردووەیەوە دوایین جار کە فەڕەنسا بەشداربووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتە کوردییەکان، کۆبوونەوەیەکی مانگی نیسانی ڕابردوو بوو لە پاریس، کە تیایدا فەڕەنسا داوای لە پەیەدە کرد هەڵوێستی خۆی لەبارەی "زیندانیان سیاسی" ی لە ئیدارەی ڕۆژئاوا ڕوونبکاتەوە و پارتی دیموکراتیش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پەیەدە ڕەتیکردووەتەوە هەماهەنگی بکات کۆبوونەوەکەیان بێ ئەنجام بووە.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەکردووە، ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی لە سوریا ناسراو بە (ئەنەکەسە) لیستی ١٢ ناوی داوەتە فەڕەنسا کە بە وتەی ئەوان لەلایەن پەیەدە و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاواوە دەستبەسەرکراون.

موحسین تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی پاری دیموکراتی کوردستانی سوری (پەدەکەسە) بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، "فەڕەنسا لەسەرەتادا کە ڕۆڵی نێوەندگری بینی هەڵوێستی پارتەکەمان پێوتن و ئەوانیش هەڵوێستیان ئەرێنی بووە و وادەردەکەوت کە تێدەگەن، بەڵام نە ئێمە و نە فەڕەنساش پێمان وانەبوو کە پەیەدە جددی بوونی خۆی لەبارەی گفتوگۆکانەوە نیشان دەدات".

لەلایەکی دیکەوە ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەم جەخت لەوەدەکاتەوە کە هیچ زیندانییەکی سیاسییان نیە و دەبێت پارتەکانی دیکە چیتر داوای لەو جۆرە نەکەن.