سەردێڕ:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پابەندی بڕیارێکی بەغدا دەبێت

فۆتۆ: 
2019-08-16

5776 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، پابەندی بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبن کە تایبەتە بە راگرتنی بەکارهێنانی ئاسمانی عێڕاق بۆ فڕۆکە سەربازییەکان.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆژی هەینی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەشکردووە، بەرپرسانی کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێڕاق کۆبوونەوەتەوە سەبارەت بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هیزە چەکدارەکان سەبارە بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانەوە، کە پێویستی بە رەزامەندی راستەخۆی سەرۆک وەزیران دەبێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەشی هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراق لە کاری هاوبەش بەردەوام دەبن هەروەکو لەسەرەتای شەڕی دژی داعش لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ەوە هاوکاری حکومەتی عێڕاقیان کردووە لە ئازادکردنەوەی خاکەکیدا و راهێنانیان بە زیاتر لە ٢٢٠ هەزار سەربازی عێراقی کردووە، لەو ماوەیەشدا فڕۆکەکانیان زیاتر لە ١٥ هەزار جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە عێراق بۆردومان کردووە.

دوای ئەوەی لە ناو رای گشتی عێراق و بەشێک لە راگەیەندنەکان وا بڵاوکرایەوە کە سەرەتای ئەم مانگە ژمارەیەک فڕۆکەی ئیسرائیلی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگای دیالە بۆردومان کردووە، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجەشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقدا بڕیاردرا لەمەودا هەموو جۆرە فڕۆکە و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی پێویستە رەزامەندی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق وەربگرێت و سەرجەم مۆڵەتە تایبەتەکانیش بۆ فڕۆکە سەربازییەکانی وڵاتان هەڵوەشێندرانەوە.

هـ.ع